کادری دەرمانیی نەخۆشخانەکانی شاری سنە لەسەر کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم و پێشێلکردنی مافەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، کادری دەرمانیی زۆربەی نەخۆشخانەکانی شاری سنە، لەسەر پێشێلکردنی مافەکانیان و کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم لەو شارە و هەروەها وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی سەرەوەتر، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
شایانی باسە کە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کادرەکانی نەخۆشخانەکانی شاری سنە لەسەر دواخستنی مووچەی مانگانەیان و دانەمەزراندنیان بە شێوەی فەرمییە و لەم پێوەندییەشدا هیچ بەرپرسێکی ڕێژیم گوێ بە داخوازی و سکاڵاکانیان نادات.