دوای ئەوەیکە کە دەوڵەتی سووریە ڕایگەیاند کە بەرگریی ئاسمانیی داناوە بەدژی هێرشەکانی ئیسرائیل، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل مۆڵگەکانی میلیشیاکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران و حیزبوڵای لوبنانی لە شاری “مەسایف”ـی سووریە کردە ئامانجی مووشەکەکانی خۆی.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ناوچەی “مەسایف”ـی سەر بە پارێزگای “حوما” لە باکووری ڕۆژاوای سووریە هێرشی کردووەتە سەر مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران و حیزبوڵای لوبنان؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی سووریە بە هاوکاریی ڕێژیمی ئێران سیستەمی بەرگریی مووشەکی بەدژی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دانابوو، بەڵام هێرشە مووشەکییەکانی ئیسرائیل ئامانجی خۆیان پێکاوە و دوو پاسداری ڕێژیم بە پلەی سەرهەنگ کوژراون.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو ناوچەیە، بوونی سپای تێرۆریستی پاسداران و میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنانە و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل پێنج مۆڵگەی میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانج و ئەو پێنج مۆڵگەیەش شوێنی سەربازی و ڕاهێنانی میلیشیاکان بووە و لە ئاکامی هێرشە مووشەکاییەکانی ئیسرائیل دوو پاسداری تێرۆریست بە پلەی “سەرهەنگ” کوژراون.