ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی دوو ساڵە هیچ تێچوویەک بۆ چارەسەریی قەیرانەکانی ناوخۆی ئێران تەرخان ناکات و هیچ گرینگییەک بە تەندروستیی خەڵک نادات.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی خۆڵبارین شارەکانی کوردستان و ئێرانی گرتەوە و بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ناوخۆ؛ بەم هۆکارەشەوە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە پاڕێزگاکانی سمنان، خووزستان، زەنجان، مەرکەزی، کرمان، قەزوین و هەمەدان زەنگی مەترسی لێ دراوە و تارانیش وەکو یەکێک لە پیسترین شارەکانی جیهان ئەژمار کراوە، بەڵام ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران هیچ بایەخێکی پێ نەداوە و هیچ بڕە بودجەیەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو خۆڵبارینە تەرخان نەکردووە.
لەم پێوەندییەدا سومەییە ڕەفیعی، سەرۆکی لیژنەی پاراستنی ژینگە لە مەجلیسی ڕێژیم، وێرای ئاماژەدان بەوەی کە زیاتر لە دوو ساڵە بودجەی کۆنترۆڵی خۆڵبارین نەماوە، ڕوو بە کاربەدەستانی ڕێژیم وتی: “پێویست بوو کە ڕێکخراوی کەشناسیی ئێران لانیکەم ٢٤ بۆ ٣٦ کاتژمێر زووتر دەستپێکردنی خۆڵبارینەکانی پێشبینی بکردایە و لەلایەن ناوەندەکانی کۆنترۆڵی قەیران و زانکۆ پزیشکییەکانی پارێزگاکانەوە رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ خەڵک رابگەیەندرابایە، بەڵام حکوومەت کەمتەرخەمی کردووە”.
لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران ساڵانە چەندین میلیارد دۆلار بۆ کاروبار و کردەوەی تێرۆریستی و پاڵپشتی لە میلیشیا تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا تەرخان دەکات، هیچ تێچووویەک بۆ کۆنترۆڵی قەیرانە ناوخۆیییەکان دابین ناکات و هیچ بایەخێک بە تەندروستیی خەڵک نادات.