٥ زنجیرە مانگرتنو نارەزایەتی دەربڕینی کرێکاران لە کوردستان لە شارەکانی لە شاهئاباد، ڕوانسەر، ئیلام، سنەو کرماشان بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد ڕۆژی چوارشەممە، ١ی بانەمەڕ کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی لەبەنییاتی مانیزانی داڵاهۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دواکەوتنی مووچەی ٤ مانگیان کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەی نارەزایەتی دەربڕینەدا کە لە شوێنی ئەو کارخانەیە لە نیزیک گوندی بەدەریی بەڕێوەچوو، هەروەها ڕاگەیەندرا کە حەقی بیمەی چەند مانگی ئەو کرێکارانەش تێنەکراوە.
لە شاری ئیلامیش کۆمەلێکی زۆر لە کرێکارانی لەسەرکار دەرکراوی کارگەو شیرکەتەکان لە ئیلام بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی مافەکانیان لە بەر دەم ئیدارەی کارو تەعاونی ئەو شارە کۆبوونەوە. ئەوان دەڵێن دوای دەرکرانیان هیچ کام لە مافە قانونییەکانیان بۆ لەبەرچاو نەگیراوە.
لە شاری ڕوانسەریش کۆمەڵێک لە کرێکارانو کارمەندەکانی کارخانەی ئاسفاڵتی ئەو شارە کە لە کەمیی حەقدەستەکانیان ناڕازین، بۆ ناڕزایەتی دەربڕین بە کەمیی حەقدەستەکانیانو هەروەها حیساب نەکردنی ئیزافەکارییەکان لە سەر فیشی حقووقەکانیان لە شوێنی سەرەکیی ئەو کارخانەیە کۆبوونەوە.
کۆمەڵێک لە کرێکارانی بیناسازیی سنەش لە مەیدانی ئازادیی ئەو شارە سەبارەت بە پێنەدانی مووچەی دوو مانگیان لەلایەن خاوەن کارەکانیانو هەروەها تێنەکرانی حەقی بیمەکانیان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دەربڕینیان بەڕێوە برد.
لە کرماشانیش گرووپێک لە کارمەندەکانی شارەداری کە بە شێوەی شیرکەتی کار دەکەن، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەرکرانی کتوپڕیان لە مەیدانی غەدیر کۆبوونەوە.
ئەوان دەڵێن کە بەبیانووی گۆڕدرانی شارەدار دەرکراونو داوای گەڕانەوە بۆ سەر کارو درێژکردنەوەی گرێبەستەکانیان کردوە.