دایە “گەوهەر ئیسلامی”، خاتوونێکی تێکۆشەر و خاوەنی دوو شەهید لە بنەماڵەکەیدا لە شاری بانە بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، خاتوونی تێکۆشەر، دایە “گەوهەر ئیسلامی” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری بانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە گەوهەر جگە لەوەی کە خۆی ژنێکی بە ورە و نیشتمانپەروەر بوو، دوو کەس لە ئازیزترین کەسەکانی ژیانی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا شەهید بوون و گیانی خۆیان پێشکەشی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەیان کردووە.
هاوسەری دایە گەوهەر بە ناوی “ساڵح ساڵحی” ناسراو بە “ساڵح ئاغای تاژەبان” ساڵی ١٣٦٢ لە شەڕی گەورەی بناری سوورکێو شەهید بوو و چووە ڕیزی نەمرانەوە؛ دواتر کوڕێکی دایە گەوهەر بە ناوی “ڕەحیم” کە جێگرپەل بوو، ساڵی ١٣٧١ لە شەڕی شەمۆڵەی ڕەبەت شەهید بوو و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە.
دایە گەوهەر ژنێکی دڵسۆز و زەحمەتکێش بوو کە ئاواتی هەرەگەورەی وەدیهاتنی ڕزگاریی گەلەکەی کە دوو شەهیدی لە پێناودا پێشکەش کردبوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە گەوهەر و خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەی بانە دەکا و خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.