هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان هاشم رۆستەمی، سەردار محەممەدپوور، مەحبووبە ڕەحیمی و بەفرین ڕۆستەمی لەگەڵ هەیئەتێکی پارتی دێموکرات مەسیحی نۆروێژ کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان ئێریک سێللە سکرتێری حیزب و دانیال قادرپوور ئەندامی ڕێبەری ئەو حیزبە، ڕۆژی ٧ی ئاوریلی ٢٠٢٢ی زاییینی سەردانی پەرلەمانی نۆروێژیان کرد.
لەم سەردانەدا هەیئەتی حیزب لەلایەن پەرلەمانتار هیمەنشو گولاتی بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی پرسە پێوەندیدارەکان بە دۆخی کورد و حیزبی دێموکرات و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە چوو.
لەم دانیشتنەدا هەیئەتی حیزب باسیان لە هەلومەرجی ئێران بە گشتی و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی کرد. هەیئەتی حیزب لەم دانیشتنەدا وێڕای دانی بەرچاو روونی پێویست سەبارەت بە ئیران و کوردستان، باسیان لەو چاوەڕوانیانەش کرد کە کورد لەم قۆناغەدا لە نۆروێژ و باقی وڵاتانی دیکەی ئوروپایی هەیەتی و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە وڵاتانی رۆژاوا نابێ کێشەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە کێشەی ناوکییدا بەرتەسک بکەنەوە.
لە پێوەندی لەگەڵ باس و سەرنجەکانی هەیئەتی حیزبدا، هەم پەرلەمانتار هەیمەنشۆ و هەم ئێریک سێللە چەندین پرسیاریان ئاراستەی هەیئەتی حیزب کرد و لە کۆتاییدا، جەخت لەسەر بەردەوامی ئەم کۆبوونەوانە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە کرایەوە.