سمینارێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستپێشخەری حیزبی سۆسیال دێموکرات و بە بەشداریی نوێنەری چوار حیزبی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و نوێنەری بەشێک لە حیزبە کوردستانییەکان ، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۷ی ئاپریلی ۲٠۲۲ لە پەرلەمانی سوید بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای سمینارکەدا بەڕێز سەرکان کۆسێ، ئەندام پەرلەمان و نوێنەری حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوئێد وێڕای بەخێرهاتن و شیکردنەوەی مەبەستی پێکهێنانی سمینارەکە لە چوارچێوەی باسێکدا ئاماژەی بە بەندکردنی مامۆستا زارا محەممەدی کرد و تیرۆرکردنی ڕێبەرانی شەهید دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی ، هەروەها مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و تێرۆرکردنی شەهید مووسا باباخانی وەکوو نموونەی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی هێنایەوە.
پاشان نۆرە درا بە بەشدارانی پانێلەکە کە باسێک لەسەر بارودۆخی ئیستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بکەن. لەم پانێلەدا بەڕێز کەماڵ حەسەنپوور، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوکاری بەشی پێوەندییە سویدییەکان باسێکی لەسەر دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی پێشکەش کرد.
بەڕێز حەسەنپوور لە باسەکەیدا وتی: “دۆخی نالەباری ئێستای کورد دەگەڕێتەوە بۆ دوو ڕووداوی مێژوویی. یەکیان شەڕی چاڵدێڕانە کە لە ١٥١٤ لەنێوان سوڵتان سەلیم و شا ئیسماعیل ڕوویدا کە بە دۆڕاندنی فارسان کۆتایی پێهات و بەو شێوەیە کوردستان بۆ یەکەمجار دابەش بوو. ڕووداوی دووهەم دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕێککەوتننامەی لۆزان بوو کە نە تەنیا خەونی سەربەخۆیی کوردی لەبار برد، بەڵکو کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بەسەر سێ وڵاتی تورکیە، عێراق و سووریەدا دابەش کراو بەشێکیشی کەوتە ژێر دەسەڵاتی یەکیەتیی سۆڤییەت.”
ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کورد وتی: “کۆماری ئیسلامی ماوەی زیاتر لە چوار دەیەیە سیاسەتی سەرکوت، قەڵاچۆ کردن، تێرۆر و هەڵاواردن دژی گەلی کورد بەڕێوە دەبات و سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی ڕێبەرانی کورد لە سەرەتای شوڕشی گەلانی ئێران بۆ قەناعەت هێنان بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد، بەڵام ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، شەڕێکی نەخوازراوی بەسەر گەلی کورددا سەپاند. ئەو ڕێژێمە بێجگە لە تێرۆر، زیندان، ئەشکەنجە، هەڵاواردن و ماڵوێرانی بۆ گەلی کورد هیچ دیارییەکی دیکەی پێ نەبووە.”
هاوڕێ کەماڵ حەسەنپوور لە کۆتایی باسەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەلی کورد نیشانی داوە کە گەلێکی سینگفراوانە بەرانبەر بە گەلان و ئاینزاکان و ڕێز لە بایەخە لیبڕاڵەکان دەگرن. بۆیە پشتگیری لە خەباتی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان، دەبێتە هۆی هێمنی لە وڵاتانی ئێران، تورکیە، سووریە و عێراق و یارمەتییەکی مەزنیش بە سەقامگیریی و ئاشتی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
جێی ئاماژەیە لە پەراوێزی ئەم سمینارەدا، هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ بەڕێزان سەرکان کۆسێ و قادر کاسیرگا، چاویان بە چەندین ئەندام پارلەمان لەسەر لیستی سۆسیال دێموکراتی سوید کەوت.