مامۆستایەکی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی د. سولەیمان ڕەسووڵی، لەلایەن ئەنجومەنی فێرکاریی زانستیی ئورووپا وەکوو باڵوێزی ئەو ئەنجومەنە لە ئێراندا هەڵبژێردرا.
ڕۆژی هەینی، ٥ی خاکەلیوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەنجومەنی فێرکاریی زانستیی ئورووپا “ساینتێکس” بە نامەیەکی فەرمی دوکتور سولەیمان ڕەسووڵی، مامۆستای فیزیک و خەڵکی شاری مەهابادی، وەکوو باڵوێزی خۆی لە ئێران و هەروەها وەکوو یەکێک لە باشترین مامۆستایانی جیهان دیاری کرد.
لەو نامەیەدا کە بە واژۆی دوکتور “یاگۆدا گراس ولازکویز”، ڕێکخەری پڕۆژەی ساینتێکس و بەرپرسی دێپارتمانی فێرکاریی زانستی لە تۆڕی قوتابخانەکانی ئورووپا بۆ د. سولەیمان نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە؛ باڵوێزەکانی ئەو ئەنجومەنە پاش بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە بەڕێوەبردنی بەرنامەیەکی فێرکاریی زانستی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی وڵاتانی خۆیانەوە، وەکوو باڵوێزی ئەو ئەنجومەنە هەڵدەبژێردرێن.
شایانی باسە کە، د. سولەیمان ڕەسووڵی زیاتر لە بیست ساڵە وەکوو مامۆستا، قوتابییانی کورد فێری زانست و بەتایبەت زانستی فیزیک دەکات، ئەمە دووهەمین ساڵە وەکوو باڵوێزی ئەو ئەنجومەنە دیاری دەکرێت.