مام عەبدوڵا مامئەحمەدی ناسراو بە عەبدوڵا زەنگەنە تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات، لە ئاوایی قۆلغەتەپەی بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەند ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، مام عەبدوڵا مامئەحمەدی ناسراو بە عەبدوڵا زەنگەنە لە ئاوایی قۆلغەتەپەی بۆکان دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
ناوبراو برای شەهید و شۆڕشگێڕی ناسراوی حیزبی دێموکرات “مەلا مەحموود زەنگەنە” لە تێکۆشەرانی ساڵانی ٤٦ــ٤٧ و هەروەها مامی شەهید “محەممەد زەنگەنە” لە فەرماندەرانی هێزی پێشەوایە.
مام عەبدوڵا لە ساڵی ٤٦ بووەتە ئەندامی حیزب و هاوکاری مەلا مەحموود و باقیی تێکۆشەرانی ساڵانی ٤٦ -٤٧ی کردووە. بەهۆی چالاکییەکانی لەلایەن ساواکەوە بۆ ماوەیەک دەگیرێت، بەڵام سەرەڕای ئەشکەنجە و زیندان لە خەبات سارد نابێتەوە و لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و وەک کادری کۆمیتەی سارم و میرقازی کۆمیتە شارستانی مەهاباد بە باشترین شێوە ئەرکی خۆی بو بەرگری لە ناوچەکە و چارەسەریی کێشە کۆمەڵایەتییەکان گێڕا.
مام عەبدوڵا ساڵی ١٣٦٤ بەهۆی چوونەسەری تەمەن لەسەر ئیجازەی حیزب وازی لە پێشمەرگایەتی و خەباتی ئاشکرا هێنا وەک ئەندامی نهێنی حیزب، درێژەی بە خەبات دا. ساڵی ١٣٦٥ بەهۆی چالاکی و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە دەستگیر کرا و بۆ ماوەی ساڵێک خرایە زیندان. کۆچکردوو تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ئامانجەکانی حیزب مایەوە و پێوەندی لەگەڵ تێکۆشەرانی دێموکرات نەپساند.
شایانی باسە کە مەلا مەحموود زەنگەنە برای کاک عەبدوڵا لە ٢١ی ڕەزبەری ١٣٤٦ لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ جاش و ژاندارمەکانی ڕێژێمی پاشایەتی لە ئاوایی بەیرەمی مەهاباد شەهید بوو. هەروەها محەممەد زەنگەنە کادر و فەرماندە لە هێزی پێشەوا لە تێکهەڵچوونێک لە ٢٧ی بانەمەری ١٣٦٢ لە ناو شاری مەهاباد شەهید بوو و تەرمەکەشی لە ئاوایی قۆلغەتەپە بەخاک سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی نەمر مام عەبدوڵا زەنگەنە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شۆڕشگێری “زەنگەنە” و سەرجەم کەسوکار و خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەکانی مەهاباد و بۆکان دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.