چالاکێکی سیاسیی کورد کە ١١ ساڵ پێش وەکوو پەناخواز ڕووی لە وڵاتی سوید کردبوو، دوای ئەوەی داوای پەنابەرییەکەی ڕەتکراوەتەوە، مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە دیپۆرتی وڵاتی ئێران بکرێتەوە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی “سەید زەکەریا حوسێنی” دوای ١١ ساڵ مانەوە لە وڵاتی سوید، داوای پەنابەرییەکەی لەلایەن ئیدارەی پەنابەرانی ئەو وڵاتەوە ڕەت کراوەتەوە و ئێستا مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە بۆ ئێران دیپۆرت بکرێتەوە.
ئەو چالاکە سیاسییە خەڵکی شاری سەردەشتە و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و دوای ١١ ساڵ مانەوەی لە سوید، پێی ڕاگەیەندراوە کە داوای پەنابەرییەکەی ڕەتکراوەتەوە و دەبێ خاکی ئەو وڵاتە بەجێ بھێڵێ و ئەگەر ئەو کارە نەکا ئەوە دیپۆرت دەکرێتەوە.
“ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان” ڕایدەگەهێنیت کە، دیپۆرتکردنەوەی ئەو هاونیشتمانییە بۆ ئێران جێگای نیگەرانییە و بەدڵنیاییەوە لەبەر ڕابردووی کار و چالاکی سیاسی لەو وڵاتە مەترسی دەکەوێتە سەر، هەربۆیە داوا لە وڵاتی سوید، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ناوەندە مرۆڤدۆستەکان دەکات کە هەوڵەکانیان بۆ پێشگرتن لە دیپۆرتی “سەید زەکەریا حوسێنی” بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی ڕادەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەکرێتەوە.