ڕۆژی ٢ی مانگی ٤ی ٢٠٢٢ی زایینی بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، هەروەها نوێنەرایەتی هێز و لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان، یادی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی فینلاند بەرز راگیرا.
لەم یادەدا کە لە شاری تورکوو بەڕێوە چوو، ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید لە ڕێگەی ژوورێکی ئۆنلاینەوە بەشداری یادەکە بوون.
سەرەتای بەرنامەکان بە خوێندنەوەی سروودی “ئەی شەهیدان” و ساتێک بێدەنگی ڕاگرتن دەستی پێکرد. دواتر پەیامی بنەماڵەی شەهیدان لەلایەن بەڕێز “ئاوات حەسەنپوور” خوێندرایەوە و دواتر خاتوو “سارا سۆفی” ئەندام پەرلەمانی فینلاند لەسەر لیستی کۆکێمووسەکان وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.
لە بڕگەکانی تردا پەیامی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کۆمەڵە و فیدراسیۆنە کوردییەکان خوێندرانەوە.
بەشی سەرەکیی یادەکە بۆ باسی کاک مستەفا شەڵماشی تەرخان کرابوو؛ بەڕێزیان لە سەرەتاوە بە ئاماژە بەوەی کرد کە ڕێبەرانی کۆماری کوردستان، بە خوێندنەوەیەکی واقێعبینانە لەسەر دۆخی هەستیاری ئەو سەردەم، واتە پێش ٧٦ ساڵ لەمەوبەر هەڵوێست و بریاریان لەسەر چارەنووسی سیاسیی میللەتەکەیان داوە.
شەڵماشی ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر کەس بە چاوی ڕەخنەوە دەرواننە ئەو هەڵوێستەی پێشەوای نەمر کە خۆی کردە قوربانی و وڵاتی بەجێ نەهێشت و وتی کە: پێشەوا بەو هەڵوێستە مێژووییەی، بیروباوەڕەکەی لە مێژوودا چەسپاند و کردی بە بەردی بناغەی بیری مافخوازی.
لە درێژەی باسەکەیاندا بەرێز شەڵماشی باسی لەو دەسکەوتانە کرد کە کۆماری کوردستان وەک سەرمایەیەکی بەنرخ لەدوای خۆی بەجێی هێشت؛ کە گەشەی هزری ئازادیخوازی و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی مافی وەک یەک لەنێوان چین و توێژە جۆراوجۆرەکاندا و ناوی بەرزی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان چەند نموونەیەک بوون لەو دەسکەوتانە.
ڕێزدار مستەفا شەڵماشی لە کۆتایی باسەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە تەنیا ڕۆژی شەهیدانی حیزبی دێمۆکرات نییە، بەڵکۆ ڕۆژی بەرزڕاگرتنی یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستانە.