لە ئێوارە کۆڕێکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی کۆیەدا پەردە لەسەر کتێبی “دیداری قاسملوو لە گێڕانەوەی زارەکیدا” لە نووسین و ئامادەکردنی د. هۆشمەند عەلی لادرا.
لەم کۆڕی ناساندنەدا کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی خاکەلێوە بەبەشداریی دەیان نووسەر و کەسایەتیی سیاسی و ئاکادیمی و ڕێکخراوەیی گیرا، د. هۆشمەند بە کورتی لەسەر گرینگی و بایەخی زانستی و مێژوویی ئەو تازەترین بەرهەمەی بۆ بەشداران دوا.
د. هۆشمەند لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی دوکتور قاسملوو بۆ ڕێکخستنی ئەو کۆمەڵە دیمانەیە گوتی: ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی مێژووی ژیان و تێکۆشانی سیاسیی د. قاسملوو لە چوارچێوەی گێرانەوەی زارەکیدا. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە مێژووی نیزیکی جووڵانەوەی کورددا د. قاسملوو ڕۆڵ و کاریگەریی شوێندانەر و ڕچەشکێنی بووە لە خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوەیی و سیاسی و ڕێبەریکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
“دیداری قاسملوو لە گێڕانەوەی زارەکیدا” سەرجەم نۆ دیمانەی درێژی لەخۆی گرتوە کە کاتی خۆی د. هۆشمەند بۆ سەرچاوە بۆ نووسینی ماستەرنامەکەی لەژێر ناونیشانی “عەبدولڕەحمان قاسملوو، ژیان و ڕۆڵی سیاسیی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورددا” لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسیی کورد و بیانی کردوونی، وەک: کریس کۆچێرا، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، ڕەوانشاد جەلیل گادانی، سەلاحەدین موهتەدی، هێلێن قاسملوو، مستەفا هیجری، د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ و چەند کەسایەتییەکی دی.
لە بەشی کۆتایی کۆڕەکەشدا کۆمەڵێک لە بەشداران ڕا و سەرنج و پرسیاری خۆیان خستە ڕوو کە د. هۆشمەند بە وردی هاتەوە سەریان و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.