دایە “مەنیجە خوسرەوی”، دایکی هاوڕێ حەکیم حوسێنزادە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە مەنیجە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە گوندی قۆڕغانی ناوچەی مەهاباد لەدایک بوو؛ وەک دایکێکی دڵسۆزی بزاڤی کورد، ئۆگری جووڵانەوەی نەتەوەیی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. لە سەردانیدا بۆ بنکەکانی حیزب بەردەوام پشتیوان و یاوەری ڕۆڵەکانی پێشمەرگە بوو. ناوبراو هەروەها ئۆگر و پشتیوانیی بەردەوامی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بوو و زۆرجار بە ناوی چنوور مەهابادی هاوکاریی ئەو دەنگە دلێرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەکرد.
بەداخەوە ڕۆژی ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، دایە مەنیجە خوسرەوی لە نەخۆشخانەی گشتیی شاری مەهاباد کۆچیدوایی کرد و لە گۆڕستانی ئەو شارەدا تەسلیم بەخاکی پیرۆزی کوردستان کرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی دایە مەنیجە خوسرەوی سەرەخۆشی لە بنەمەڵەی بەڕێزیان و سەرجەم کەسوکاری و خەڵکی نیشتمانەپەروەری ناوچەی مەهاباد دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.