ناوەندی مافی مرۆڤی ” نا بۆ زیندان ــ نا بۆ لە سێدارەدان” ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە حوکمی لە سێدارەدانیان بە سەرداسەپاوە زۆر زیاتر لەوەیە کە باسی لێوەکراوە.
ناوەندی مافی مرۆڤی “نا بۆ زیندان ــ نا بۆ لە سێدارەدان” لە ڕاپۆرتێکدا ناوی ٥٠ بەندکراوی سیاسیی کورد کە حوکمی لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپاوە بڵاو کردەوە و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە بەهۆی شاردنەوە و بڵاونەکردنەوەی زانیاری ڕاست و دروست لەو بوارەدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە حوکمی لەسێدارەدانیان بە سەر داسەپاوە زۆر زیاتر لەو ڕێژەیە کە باس کراوە.
ئەو کەسانەی کە حوکمی لە سێدارەدانیان بە سەر داسەپاوە بە تۆمەتی ئەمنییەتی، ئەندامبوون لە ئۆپۆزیسیۆنە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران، بەشداریکردن لە ناڕەزایەتیی دەربڕینەکان و موحاڕبە، ڕاگەیەندراوە و لەو ٥٠ کەسە لانیکەم ٣٠ کەسیان کورد و بەلووچن.
لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە ماوەی ساڵی ڕابردووی زایینیدا، ئاماژە بە لە سێدارەدانی کەمینە نەتەوەکانی ئێران کراوە و هەر لەو پێوەندییەدا “جاوید ڕەحمان” هەواڵنێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوەکان لە داویین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا ڕێژەی سەرکوتکردن و لەسێدارەدان لەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و لە ٢٧٥ کەس کە لەسێدارەدراون، ٤٠ کەسیان بەلووچ و ٥٠ کەسیش کورد بوون و لەو بارەوە داوای وڵامدانەوەی لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە.