ڕێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی کەسایەتیی دیار و خۆشناوی شاری سەردەشت کاک مستەفا نەقیب، دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک مستەفا نەقیب وەک مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی خزمەتی کردووە و کەسێکی دیار و خۆشەویست و بە هەڵوێستی شاری سەردەشت بوو، لەماوەی ژیانی خۆیدا هەمیشە وەک مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و بەهەڵوێست لەنێو خەڵکدا دیار بووە و یەکێک لە سیما دیارەکانی شاری سەردەشت و یارمەتیدەری خەڵکی هەژاری ئەو شارە بوو.
دوای ڕووخانی حکوومەتی پەهلەوی کاک مستەفا وەک یەکەم فەرمانداری کورد و خۆجێی ئەرکی فەرمانداریی پێسپێردرا و لەو ئەرکەشی دا بەوپەڕی نیشتمانپەروەری و بە هەستی کوردانەوە کار و ئەرکەکانی خۆی ڕاپەراندوون.
کاک مستەفا نەقتب مرۆڤێکی خوێندەوار و پێگەیشتوو و ڕووناکبیر بوو، هەڵوێستی جوامێرانەی هەمیشە جێگای ڕێز و پێزانینی خەڵک بووە، هەڵوێستی نیشتمانیی کاک مستەفا وایکردووە کە خەڵک وەک کەسایەتیی دیار بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕاوێژی لەگەڵ بکەن.
کاک مستەفا لە بواری نووسیندا وەک نووسەرێکی بە دەروەست توانیویەتی کتێبی “یادها و خاطرەها” بنووسێ و ئەم کتێبە بەشێکە لە مێژووی نزیک بە ١٠٠ ساڵی ڕابردووی سەردەشت و دەوربەری و لەم کتێبەدا ئاوڕێکی چڕ و پڕی لە ڕووداو و کارەساتەکانی ئەم دەڤەرە داوەتەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کاک مستەفا و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.