ڕاپۆرتەكان باس لە كوژرانی لانیكەم ١٧ ئێرانی‌و ئەفغانیی دیكە لە شەڕو لێکدانه نێوخۆییه‌کانی سووریەدا دەكەن. هه‌روه‌ها دوو کڵاوسه‌وزی دیکه‌ش به‌ناوه‌کانی سادق شیبه‌ک‌و حوسێن هیممه‌تی بوونه سوته‌مه‌نیی ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له شه‌ڕی سووریه‌دا.
به‌پێی هه‌واڵی میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ١ی بانەمەڕ، پێوەندییە گشتییەكانی سپا لە پارێزگای قوم، بە بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەندراوێك باسی لە ناشتنی جه‌نازه‌ی ٧ ئەفغانیی دانیشتووی ئێران لەم شارە كردوە كە لە شەڕ و دەرگیرییەكانی سووریەدا كوژراون.
لە ڕاگەیەندراوی سپای قوم‌دا ناوی ئەم كەسانە ئاشكرا كراوە كە بریتین لە: حەبیب ڕەزایی، مێهدی حوسێنی، عەبدولحەكیم ڕەسووڵی، حوسێن حوسێنی، محەممەدجەواد عەسكەری، خودابەخش محەممەدی و حەسەن ڕەزا ڕەستگاری.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سپا هەموو ئەم كەسانە ئەندامی لەشكری فاتمیوون بوون كە لە نزیك٣ ساڵ لەمەوبەرەوە لە لایەن ئێرانه‌وه بە مەبەستی شەڕ بۆ سووریە ده‌نیردرێن.
جەواد محەممەدی، مورتەزا حوسێنی و عەلیڕەزا سەفەرپوور ٣ چه‌کداری دیكەی ئێرانن كە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سووریە كوژراون.
میدیاکانی کۆماری ئیسلامیش حاشا له‌وه ناکه‌ن که لە ماوەی یه‌ک مانگی ڕابردوودا ئاماری كوژراوانی ئێران، ئەفغانستان‌و پاكستان لە سووریە تا ئاستێكی بەرچاو زیادی كردوە.
ئەرتەشی ئێرانیش لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بە شێوەی ڕەسمی به‌شداریی هێزەكانی خۆی لە سووریەو بەشداری كردنیان لە شەڕی نێوخۆیی ئەم وڵاتەدا پشتڕاست كردۆتەوەو ڕایگەیاندووە كە ئەم هێزانە بە ویستی خۆیان‌و بە مەبەستی ڕاوێژ پێدانی هێزەكانی ئەسەد چوونەتە سووریە.
پاش به‌شداریی هێزەكانی ئەرتەشیش لە سووریە تا ئێستا ٦ کڵاوسه‌وزی ته‌کاوه‌ری ئه‌ڕته‌شیش كوژراون.