نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە ڤیەن وتی: کامێراکانی چاوەدێری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی کە لە ناوەندی نوێی بەرهەمهێنانی پارچەکانی سانتریفیوژ لە ئیسفەهان داندراوە، زانیارییەکانی ئەو کامێرایانە تا گەرانەوەی دووبارە بۆ بەرجام نادەین بە ئاژانس.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی “ڕۆیتێرز” ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، محەممەدڕەزا غائێبی، بەرپرسی نوێنەرایەتی ڕێژیمی ئێران ڕووبە ڕێکخراوەکانی نێونەتەوەیی لە ڤیەن، بە نیسبەت داواکاریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بۆ بەدەستهێنای زانیاریی کامێراکانی چاوەدێریی سانتریفیوژەکانی ئیسفەهان دژکردەوەی نیشان دا و وتی: تا وتووێژەکانی بەرجام دووبارە بەڕێوە نەچنەوە تاران ڕێگە نادا ئاژانسی وزەی ناوکیی کامێراکانی چاوەدێری ببپشکنێ و زانیارییە تۆمارکراوەکانی ببینێ.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە ڕاپۆرتێکی نوێی خۆیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، بەبێ ئەوەی دەستمان بە زانیاریی کامێراکانی چاوەدێری کارگاکانی نوێی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژ لە ئیسفەهان بگا، ئاژانس ناتوانێ پەسەندی بکا کە هێڵی بەرهەمهێنان لەو کارگە نوێیەی ئیسفەهان دەستی پێکردووە یان نا.