سەرۆکى کانوونى پارێزەرانى دادوەریی سنە، لە نامەیەکدا داوای هەڵوەشانەوەى سزای پارێزەرێکى کورد دەکات.
حەبیبوڵا مورادى، سەرۆکی کانوونى پارێزەرانى دادوەریی سنە، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی دادگاى باڵاى ئینتزاماتى دادوەرى، داوای هەڵوەشانەوەى سزای پارێزەرێکى کورد بە ناوی “حوسێن ئەحمەدىنیاز” دەکات کە هەنووکە لە ئورووپا نیشتەجێ بووە.
حوسێن ئەحمەدینیاز، کە پێشتر کەیسی بەندکراوانی سیاسی بە ئەستۆ گرتووە کە نموونەیان کەیسی شەهید ڕامین حوسێنپەناهییە، لەلایەن وەزارەتى ئیتلاعات و دادگاى گشتى و ئینقیلابی ڕێژیم لە سنە، بە تۆمەتى “بڵاوکردنەوەى درۆ بە مەبەستى بەلاڕێدابردنى ڕای گشتى” بە پێبژاردنی پارە سزا درابوو، بەڵام لەسەر بنەماى بڕیاری لقى دووهەمى دادگاى ئینتزامى، سزای هەڵپەساردنى پارێزەرییەکی بەسەریدا سەپاوە.
شایانی باسە کە حوسێن ئەحمەدىنیاز، پارێزەرى دادوەرییە و لە ڕەوتی کەیسسازییەکانى وەزارەتی ئیتلاعاتى ڕێژیم، چەندین جار دەسبەسەر کراوە و دواتر بە ناچاری ئێرانی بەجێ هێشتووە و ئێستا لە ئورووپا نیشتەجێیە.