سەرۆکی ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئیسرائیل: ڕەوتی تەیاربوون بۆ هێرش بۆسەر ڕێژیمی ئێران بە خێرایی بەردەوامە.
ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خاکەلێوە، “ئاویۆ کۆخاوی” سەرۆکی ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕێوڕەسمی ناساندنی فەرماندەی نوێی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا وتی: ڕەوتی تەیاربوونی ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ هێرش بۆسەر ئێران بە خێرایی بەردەوامە و ئاماژەی بە هێرشی تێرۆریستی لەدژی ئیسرائیل کرد و ئەو ڕاستییەی خستەڕوو کە لەماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بە هاوکاری دەزگای موساد لانیکەم ١٠ هێرش پووچەڵ کراوەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە “شەڕ لەنێو شەڕەکاندا” وێڕای باس کردن لە وهێرشانەی وەپاڵ ئیسرائیل دراون لە سووریە و بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: ئێمە توانایی هێرشی ئاسمانیی خۆمان بۆسەر دوژمن زۆر کردووە و هەروا بەردەوامیش دەبین. هەروەها لە ڕەوتی “شەڕ لەنێو شەڕەکاندا” هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ڕۆڵی سەرەکییان دەبێ.
لەو کۆبوونەوەیدا “رام بێن باراک”، بەڕێوەبەری کۆمیتەی بەرگری و سیاسەتی دەرەوەی کێنێسێت سەبارەت بە ئەگەری دەرهێنانی ناوی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکاوە هاوکات لەگەڵ ڕێککەوتنی بووژانەوەی بەرجام، وتی: هیوادارین کە کاریگەرییمان لەسەر ئەمریکا هەبێ کە سپای پاسداران هەروا لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکاندا بمێنێتەوە و لە ئەگەری ئەو ڕێککەوتنەش، ئیسرائیل ئەندامی ئەو ڕێککەوتنامەیە نییە و لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە و هەوڵەکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی زێدەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران پێداگرە و ناهێڵێ ئەو ڕێژیمە هیچکات دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و درێژە بە سەرەڕۆییەکانی لە ناوچەکەدا بدا.