کتێبی “بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولودی”، لە کۆکردنەوەی “وریا ماملێ”، چاپ و بڵاو کرایەوە.
کتێبی بەشێک لە بیرەوەرییەکانی نەمر کاپیتان محەممەد مەولوودیان ناوسراو بە حەمەدی مەولوودی (چکاوەند)، ٥١ ساڵ دوای نووسینی، لەلایەن نووسەر و لێکۆڵەر “وریا ماملێ”، ئامادەکاریی کۆکردنەوە، ساخکردنەوە و بەڵگەمەندکردنی بۆ کراوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندی چاپەمەنیی “٤٩ کتێب” لە ئورووپا چاپ و بڵاو کرایەوە.
کاپیتان محەممەد مەولوودیان، جیا لەوەی کە شایەتحاڵی شەڕی نێوان قەیسەری ڕووس و سوڵتانی عوسمانی لە سابڵاخ (مەهاباد) بووە، هەروەها شایەدی ڕەشەکوژیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن قەزاقەکانی ڕووس و ئازادکردنی سابڵاخ لەلایەن سمایل ئاغای شکاک (سمکۆ) بووە.
ناوبراو لە سەردەمی کۆماری کوردستانیشدا یەکێک لە قارەمانەکانی کۆمار بووە و بە هۆکاری قارەمانییەتییەکەیەوە پلەی “کاپیتان”ـی پێ دراوە، هەر بە هۆیەشەوە بە کاپیتان حەمەدی مەولوودی ناوبانگی دەرکرد و پێشەوا قازیی نەمریش نازناوی قارەمانی کوردستانی پێ بەخشیوە.