فەرماندەیی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەگەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە ڕێککەوتنێکی نوێدا سنووردار نەکرێ، چالاکییەکانی ناوکیی تاران دەبێتە هۆی ململانێی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو لە ناوچەکەدا.
ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ژێنێراڵ مەیلی، بەرپرسی فەرماندەیی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی کۆنگرەدا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ ناوچەکە، ئەمریکا و هاوپەیمانان و هەروەها بۆسەر ئاسایشی جیهانیش و بە هیچ شێوەیەک ڕێژیمی ئێران جێی متمانە نییە کە دوای ڕێککەوتن بەڵێنی کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام نەدا، چوونکە سپای تێرۆریستی پاسداران بەردەوام هەڕەشەی تێرۆری لە بەرپرسانی هەنووکەیی و پیشووی ئەمریکا کردووە و هیچکات جێی متمانە نییە و نابێ لە هیچ بوارێکدا متمانەی پی بکرێ، ئەگەریش لە ئیستادا نەرمی بنوێنێ بۆ ئەوەیە کە دەوڵەتی ئەمریکا سپای تێرۆریستی پاسداران لە لیستی تێرۆر بسڕێتەوە.
ناوبراو وتیشی: ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانی لە کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانەی میلیشیاکانی لە سنوورەکانی وڵاتانی دراوسێی و هەروەها بەرنامەی مووشەکە بالستیکییەکانی خەریکی ئەوەیە کە سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک بدا، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوەیەک جێی متمانە نییە.