ڕێكخراوی ڕاپۆرتنێرانی بێ سنوور پێنوێنی جیهانیی ئازادیی ڕاگەیاندن لە ساڵی ٢٠١٦ی ڕاگەیاند.
كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لە ڕوانگەی ئەم ڕێكخراوەیە یەكێك لە ٥ زیندانی گەورەی چالاكانی بواری ڕاگەیاندن لە ئاستی جیهانه، لهو پێنوێنهشدا لە ڕیزی ١٦٩ی ئازادیی ڕاگەیاندن دایە.
بە قسەی ئەم ڕێكخراوەیهی داكۆكیكارانی ئازادیی ڕاگەیاندن، ڕاگەیاندن له ئێران لە ژێر سانسۆڕی بەردەوام دایەو عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانو سپای پاسداران ڕاگەیاندنی ئازادو سەربەخۆ لە ئێراندا قەبووڵ ناكەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە حكومەتی ئێران سیاسەتی تۆقاندن لە ڕاگەیەنە نێوخۆییو دەرەوەی ئێران دەبەنەپێش.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتوە كە زیاتر لە ٣٤ ڕۆژنامەنووسی حیرفەییو ناحیرفەیی لە ئێراندا بە تاوانی چالاكیی ڕاگهیاندن لە زیندانەكانی ئێران خزێندراونو زۆربەی ئەم ڕۆژنامەنووسانهش له زیندان له سهرهتاییترین مافهکانیان بێبهشن.
لهو ڕاپۆرتهدا هاتووه که هەروەها لە مانگی گەلاوێژی ساڵی٩٢ڕا و له دەسپێكی خولی سەركۆماریی حەسەن ڕۆحانیدا نزیك بە ٥٠ ڕۆژنامەنووسو وێبنووس دەسبەسەر كراونو زۆربەیان حوكمی قورسیان بۆ بڕیونەتەوە.
زۆربەی ئەم كەسانەش كە دەسبەسەر کراون، گرتنو حوکمدرانهکانیان به بڕیاری ئیتلاعاتی سپای پاسداران بووە.
ڕێكخراوی ڕاپۆرتنێرانی بێ سنوور ههروهها ئاماژەی بە گۆڕینی قانوونی چاپهمهنییهکان پەسندكراوی ١٣٦٤ كردو دهڵێ كە گۆڕینی ئەم قانوونە ئیزن بە دەسەڵاتدارانی وڵات دەدا كە بە بیانووی هەوڵدانی دژی كۆماری ئیسلامی، هاندان خەڵكو گرووپەكان بە تۆمەتی هەواڵدان دژی ئەمنیەتی میللی، یان بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامی، بێڕێزی بە ڕێبەری كۆماری ئیسلامیو مەڕجەعەكانی تەقلید چالاكیی ڕۆژنامەنووسان كۆنتڕۆڵ دەكەن.
ڕاپۆرتنێرانی بێ سنوور ئەم بڕیارهی بە دژایەتیی تەواو لەگەڵ بەندی ١٩ی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ و مادەی ١٩ پەسندكراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مەدەنیو سیاسی زانیوه كە ئێران بۆ خۆی ئیمزای كردوە.