سەرۆککۆماری ئۆکراین داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە، ڕووسیە بەهۆی جینایەتە کارەساتبارەکان بەدژی خەڵکی مەدەنیی ئۆکراین، دادگایی بکەن.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ولادێمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین لەسەر هێرشەکانی ڕووسیە بۆسەر خەڵکی مەدەنیی ئۆکراین، ڕوو بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: هێرشە سەربازییەکانی ڕووسیە بۆسەر خەڵکی مەدەنیی ئۆکراین کارەساتێکی گەوەرەیە و دەبێ ڕووسیە لە دادگایەکی تەیبەت بە شەڕ دادگایی بکرێ.
زێلێنسکی لە داواکەیدا کە ڕوو بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوویەتی، هێرشە سەربازییەکانی ڕووسیەی بۆسەر شاری “بووچا” و ناوچەکانی دیکەی ئۆکراینی بە هێرشی جینایەتکارانەی داعشی وەسف کرد و وتی: هێزە سەربازییەکانی ڕووسیە، خەڵکی مەدەنی سەر دەبڕن یان کەمئەندامیان دەکەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان و لەپێش چاوی منداڵەکانیان دەیانکوژن و دەیان تاوانی دیکە ئەنجام دەدەن کە بەڕاستی ئەم جینایەتە بەدژی مرۆڤایەتییە و ئەو جینایەتانە تەنیا داعش دەیکرد، بەڵام ئێستا هێزە سەربازییەکانی رووسیە بەدژی خەڵکی مەدەنیی ئۆکراین دەیکەن.