سەرۆککۆماری ئەمریکا لەهەمبەر هێرشەکانی ڕووسیە بۆسەر شارەکانی ئۆکراین وتی: ولادێمیر پوتین جینایەتکاری شەڕە و پێویستە لەسەر هێرشەکانی بۆسەر خەڵکی مەدەنیی ئۆکراین دادگایی بکرێ.
ڕۆژی دووشەممە ١٥ خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا هاوکات لەگەڵ تووڕەیی جیهانیی لەهەمبەر کوشتاری خەڵکی مەدەنی لە شاری “بووچا”ی ئۆکراین وتی: ئەوەی لە شاری “بووچا” بینیمان دیمەنگەلێکی جینایەتکارانەیە و پێویستە دادگایەکی دادپەروەرانە تایبەت بە جینایەتی شەڕ پێک بێ و “پوتین” وەک جینایەتکاری ئەو شەڕە دادگایی بکرێ.
بایدێن هەروەها وتی: ئەوەی ڕووسیە لەو شەڕەدا کردی تەنیا هێرش بووە بۆسەر خەڵکی مەدەنی و ئەو شەڕە لە ڕاستیدا جینایەت دژی مرۆڤە کە پوتین لێی بەرپرسیارە و ئەمریکا گەمارۆی زۆرتر دەخاتە سەر ڕووسیە.
هەر لەو بارەوە، بەرپرسێکی پلەبەرزی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا وتی: بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە شاری “بووچا”ـی ئۆکراینەوە بە ئێمە گەیشتوون، تەرمی سەدان کەسی مەدەنی لە هێرشەکانی ڕووسیە بۆسەر ئەو شارە بیندراوەتەوە و ئەوەش جینایەتێکی زۆر گەورەیە کە ڕووسیە بەدژی خەڵکی مەدەنیی ئۆکراین دەیکا و پێویستە دادگایەکی تایبەت بە جینایەتی شەڕ هەبێ و بەرپرسانی ڕووسیە دادگایی بکرێن.