پیسبوونی هەوای شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای کرماشان ڕادەی ستانداردی تێپەڕاندووە و خۆڵبارینەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت.
جارێکی تر پیسبوونی هەوا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت شارەکانی پارێزگای کرماشان، ڕادەی ستانداردی تێپەڕاندووە و ڕێژەی خۆڵبارینەکان بەتایبەت لە شارەکانی سەرپێڵیزەهاو و قەسریشیرین ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و کارناسانی پێوەندیداری ژینگە و تەندروستیش، ئەم خۆڵبارینەیان بە مەترسییەکی جیددی بۆسەر خەڵکی ئەو دوو شارە لەقەلەم داوە.
بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە؛ ئەو شەپۆلە خۆڵبارینە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دێتە ناو پارێزگای کرماشان و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هیچ کارێک لەدەستمان نایەت و بەم شێوەیە پاسا بۆ کەمکارییەکانی خۆیان دەهێننەوە.
جێی ئاماژەیە کە لە ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی خاکەلێوە، پیسبوونی هەوا لە شارەکانی سەرپێڵیزەهاو و قەسریشیرین زۆر مەترسیدارتر لە شارەکانی ترە و ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە مەترسیی زیاتر بۆسەر تەندروستیی منداڵانە، بەڵام قوتابخانەکان و تەنانەت دایەنگەکانیش دانەخراون.