نزیک بە دوو مانگە فڕۆکەخانەی سنە داخراوە و سەرەڕای بەڵێنەکانی بەرپرسانی ڕێژیم هەم لە پارێزگای سنە و هەم لە تاران، تاکوو ئێستاش بە داخراوی ماوەتەوە.
فڕۆکەخانەی سنە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی، دروست کراوە و لە سەرەتای دامەزران و دروستبوونییەوە لەژێر ناو و بە بەڵێنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوردستان دامەزرا، بەڵام جیا لەوەی کە لەماوەی ئەم پێنج دەیەدا هیچ گەشتێکی نێودەوڵەتی لە ڕێگای ئەو فڕۆکەخانەیەوە نەکراوە، بە دانپێدانانی بەرپرسە پێوەندیدارەکانی خودی ڕێژیم؛ گەشتە ناوخۆیییەکانیشی زۆر ناڕێکوپێک بوون.
هەنووکەش ئەو فڕۆکەخانەیە لە مانگی ڕیبەندانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە بە تەواوەتی داخراوە و لەو پێوەندییەدا ئیسمائیل زارعی، پارێزگاری پارێزگای سنە و نوێنەرانی دەستنیشانکراوی مەجلێسی ڕێژیم لەو پارێزگایە لە مانگی ڕێبەندانەوە چەندین جار بەڵێنی کرانەوە و چالاکییەکانی ئەو فڕۆخانەیەیان داوە، بەڵام تەنیا لە ٢١ی ڕەشەمەدا یەک فڕۆکەی قشم لەو فڕۆکەخانەیە نیشتەوە و دیسان داخراوەتەوە و داخرانی ئەم فڕۆکەخانەیە کێشەی جیددی بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە دروست کردووە.
لەم پێوەندییەدا ئەمیرعەباس نەزەریزادە، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەکانی پارێزگای سنە بە هەواڵدەریی “تەسنیمـ”ـی سپای پاسدارانی ڕاگەیاندووە: ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران بە چالاکبوونەوەی ئەو فڕۆکەخانەیە بەدواداچوون ناکا و بەرپرسانیش نایانهەوێت گەشتەکان و چالاکییەکانی ئەو فڕۆکەخانەیە دەست پێ بکاتەوە.