پرسی ھونەر بۆ ھونەر و ھونەر لە پێناو کۆمەڵگەدا کێشەیەکی دوور و درێژە لە مێژووی ھونەر و ئەدەبیاتی مرۆڤدا، کێشەیەک کە پەلی ھاویشتۆتە ئەدەبی کوردەوە و ڕەخنەگر و ئەدیبی کوردیشی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە. بە دوور لە قەزاوەت کردن لەبارەی لە حەقیقەت نزیکبوونی کام یەک لەم ڕوانگانە، ئاماژە بە جۆرێک لە ھونەر کە پێوەندیی بە کۆمەڵگە و ژیانی میللەتانەوە ھەیە بە تایبەت لە دۆخێکدا کە کۆمەڵگە ناسەقامگیرە، دەتوانێ ببێتە بنەمای لێکدانەوەی ھێندێک دەق یا خوێندنەوەی مێژووی سەردەمی ئەدەبی گەلێک.
شێعری کوردی بەتایبەت لە کوردستانی ئێران بە ھێندێک ڕەوتی جیاوازدا ڕۆیشتوە کە شێوەی پێوەندی ئەو ڕەوتانە لەگەڵ کۆمەڵگە و پرس و بابەتەکانی جێی سەرنج و ئاماژەن. بەڵام ئەوەی بۆ ئەم یادداشتە گرینگ و جێی باسە پرسێکی گشتییە کە لە قۆناغێکەوە دەستەویەخەی ئەدەب، بە تایبەت شێعری ھاوچەرخی کوردی بووە، ئەویش دابڕانی واتایی و پێکهاتەیی ئەم ئەدەب و شێعرەیە لە کۆمەڵگە و ڕەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانە. بە شێوەیەک کە بەپێچەوانەی سەردەمێک کە شێعر وێڕای پاراستنی جەوھەرە شێعرییەکانی خۆی لەگەڵ خەم، ئازار، کێشە و بابەت و ڕووداوەکانی کۆمەڵگەکەی لە پێوەندیدا بوو، ئەدەبێک کە ھەم لە سەردەمی خۆیدا و ھەم دواتریش بووە وێردی زمانی کۆمەڵگە و لە ھەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا چێژ بەخش و ڕێنیشاندەر بوون، کە دیارترین کەسانی ئەم ڕەوتە ھێمن بە ھەموو تازەگەرییەکانی لە شێعردا و ھەژار وێڕای زمانە پاراو و ئارکائیکەکەی و تەنانەت سوارەش کە ڕچەشکێنی قۆناغێکی شێعری بوو. بەڵام نوێکردنەوەی پێکهاتەی شێعری نەیتوانی پێش بە پێوەندی ھونەرەکەی و کۆمەڵگەکەیەوە بگرێ.
دوای ئەم قۆناغە و بە تایبەت دوای چوونە دەرێی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەستەکاندا، شێعری ڕۆژھەڵات بەرەو مەسیرێک ڕۆیشت کە ئاکامەکەی بووە دابڕان لە کۆمەڵگە و دوورکەوتنەوەی شێعری ھاوچەرخ بە نوێ و کلاسیکەوە لە خەم و کەسەر و ڕووداوەکانی کۆمەڵگەکەی و لێکدابڕانی زمانی شێعریش لە زمان و کەڵکەڵەکانی کوردی ڕۆژھەڵات. بەڵام ماوەیەکە کە لە شێعری نوێدا ئەزموونە نوێیەکانی “ڕابوون ڕۆژهەڵات” توانیویەتی حکایەتخوانی مێژوویەکی نوێ و کەڵکەڵەمەند لە شێعری کوردی و پێوەندیەکەی لە گەڵ کۆمەڵگە و ڕووداوەکان بێت(کە لە وتار و فایلێکی جودادا باسی دەکەم). بەڵام لە قەوارەی کلاسیک و لە چوارچێوەی غەزەلی نوێدا ئەزموونێکی نوێ، جیاواز و سەرکەوتوو خەریکە دەبێتە سەرەتای لێک گرێدانەوەی ئەدەب و کۆمەڵگە، ھونەر و سیاسەت و شێعر و شۆڕش، ئەزموونێک کە دەنگی خەم و پەژارەی ڕۆژھەڵاتە و ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان بە تایبەتمەندی ڕۆژھەڵات و پرسەکانی لە توێی غەزەلدا ڕەوایەت دەکا، ڕەوایەتێکی شاعیرانە لەو مێژووە دابڕاوەی شاعیر و نیشتمان.
لە کاتێکدا کە سیاسەتی سەردەم ھاوشێوەی کۆمار و دوای شۆڕشی ٥٧ و شەستەکان توانایی گوتار سازی(گفتمان سازی) نییە و ناتوانێ خۆی لە داوی سیاسەت و گوتاری ئەو سەردەم دەرباز بکا و لە بازنەیەکی خۆ دووپات کردنەوەدا دەسووڕێتەوە و نەیتوانیوە ھێندێک واتاو چەمکی تازە بکاتە ھەوێنی گوتارێکی نوێی سیاسی شۆڕشگێڕانە، شێعری ڕابوون ڕۆژھەڵات لە ئەدەب و سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژھەڵات ڕابووە و مانایەکی نوێی لە غەزەل و لە شێعری ھاوچەرخ بەدەستەوە داوە، کە دەتوانێ ھەم لە ئەدەبی کوردیدا گوتارساز بێ ھەم ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە بە سیاسەتێک بدا کە کەوتۆتە داوی بێ گوتارییەوە. شێعری ڕابوون نە تەنیا زمانی ئەدەبی سەردەمە بەڵکو واتاکانیشی سەردەمیانەن بەڵام لە ھاوپێوەندیەکی چڕ لەگەڵ کۆمەڵگە و خەم، پەژارە و کەڵکەڵەکانیدا. ڕابوون دەتوانێ بۆ ھەر ڕووادوێک، ھەر ھیوایەک، ھەر ناھومێدییەک، ھەر جووڵەیەکی خەباتکارانە و ھەر ھەنگاوێکی پێشمەرگە و خوێنی شەھیدێک، ھەر بابەتێکی سیاسی و کەڵکەڵەیەکی کۆمەڵگەکەی بە دوور لە دروشم، لە چوارچێوەی غەزەلی نوێدا دەنگێکی سەرکەوتووی ھونەری بخوڵقێنێ و توانایی ئەوەشی ھەیە بیکاتە وێردی سەر زمانی ڕۆڵەی نیشتمانەکەی و چێژبەخشی ھەر کۆڕ و دانیشتنێک بێت.
ئەم شێعرانە نیشانەی سەرکوتووی ھونەری بەرپرسیارە، ھونەرێک کە نە لە کۆمەڵگەکەی دابڕاوە نە لە شێعر و جەوھەرە شێعریەکانی شێعرێکی سەرکەوتوو، لە ڕاستیدا شێعری ڕابوون ڕۆژھەڵاتی دەنگی گەلێک و حیکایەتخوانی مێژوویەکە کە دەیهەوێ لە قۆناغێکی چەق بەستووەوە بەرەو قۆناغێک لە هەڵبوونەوە و سیاسەتی شۆڕشگێڕانە بە گوتارێکی نوێوە بچێ.