نەورۆز وەکوو چەمک، خواستی بۆ سەردەمانی دێرین دەگەڕێتەوە. ئەم نەورۆزەی کە لە ئێستادا لەلای گەلانی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست و ئاسیای نێوەڕاست وەکوو جەژن پەیڕەو دەکرێ، وەکوو کۆتێزێکی مێژوویی کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەسەر هاتوە کە بە کورتی شرۆڤەی دەکەین.
وشەی نەورۆز لە وشەی کۆنی کوردی پاڵەوانی نوکڕۆچ وەرگیراوە کە لە زۆر شوێن بە ناڤەکاڕۆچ -یش هاتوە، کە زیاتر وەکوو فەلەکناسی خۆی وێنا دەکا و باسی ڕێکەوتێک لە گۆی زەوی دەکا کە ڕۆژ دەگاتەوە ئاستێکی بەرز و ڕۆژگار بەرەو درێژبوونەوە دەڕوا.
نەورۆز وەکوو ژیانەوە و مژدەی ژیان و مژدەی ئازادییش وێنا کراوە کە دەکرێ بڵێین بە هۆی کۆنبوونی بۆنەکە لە دێرزەمانەوە هەموو بۆنەکانی لە خۆ گرتوە. کۆنترین شرۆڤە کە بۆ نەورۆز دەکرێ بریتییە لە هاوسەرینی دۆمووزی خواوەندی ڕووەک لە گەڵ ئینانا، خواژنی باوەڕمەندییە. لە هەندێک شوێن بە لەدایکبوونی میترا لە ناو گوڵی نیلووپەڕ ناوی هاتوە. لە نێو کوردانی ئێزدیدا وەکوو ساڵی نوێی دوای چارشەمما سۆر کە دەکەوێتە مانگی نیسانەوە ناو براوە کە لە ئایینی ئێزدیدا گریمانەی ڕاستییەکان زیاترن، ئەویش لە بەر ئەوەیکە سەرەتای ژیان لە نێو سۆمەری و تۆفانەکەی نوح تەنیا لە ئایینی کوردانی ئێزدیدا وەکوو ڕووداوی سرووشتی لە کوردستانی کۆندا باس کراوە. لە بەر ئەو هۆکارەی کە ئەو ڕۆژمێرەی ئێستا کورد و ئەو گەلانەی کاری پێ دەکەن هەمان ڕۆژژمێری جەلالییە کە لە لەلایەن عومەری خەیام و عەبدولکەریم ئەلخازەنی و موزەفەر ئەلئەسفزازی داندراوە و کە دواتر نەورۆزنامەشی وەکوو دیاری بە شوێن خۆیدا هێناوە، لە ڕووی فەلەکناسییەوە هەندێک کێشەی هەیە کە بە تایبەتی گۆڕانکارییەکانی سەردەمی خولەفای ڕاشدین و ئومەوی لە بەر چاو نەگیراوە، هەر چەند ڕۆژژمێرەکە بە ٣٦٥ ڕۆژ تەواو بووە، بەڵام وەکوو جێگیرکردنی ڕێکەوتەکە ڕێکوپێک نییە.
ئێمەی کورد وەکوو ڕەسەنترین نەتەوەی نێوان دوو رووبار کە زۆرینەی بەسەرهاتەکانی مرۆڤایەتی تێێدا ڕووی داوە، دەبێ زیاتر پشت بە دێرینەناسی و مەکتەبی مێژوونووسانی یۆنانی ببەستین و خۆمان لە ڕێچکەی مێژوونووسانی دوای هاتنی ئیسلام ببوێرین. ئەگەر سەرنج بدەین بە هۆی شەڕی ئایینیی ئەوان لە گەڵ کورد و لە حەقیقەتدا شەڕی ئایینی ئاسمانی لە گەڵ ئایینی زەوینی کە کورد خاوەنی ئایینی خۆزایی و زەوینی بووە، هەمیشە حەولیان داوە کورد بە وەهم و جندۆکە و خراپەوە ببەستنەوە کە ئەم ڕوانینە تەنانەت لە نووسراوەکانی کوردیش هەتا شەرەفخان ڕەنگی داوەتەوە.
لە مێژووی کوردستاندا ساڵی ٦١٢ ی پێش زایین کە هاوکاتە بە سەرکەوتنی ماد بە سەر ئاشووریدا وەکوو نەورۆز بە ناو کراوە کە دەشێت ئەمەش درووست بێ. بەڵام بە هۆی ئەوەیکە ئێمەی کورد پێویستمان بە ڕۆژژمێری کوردی و ساڵنامەی کوردی هەیە، باشترین و جوانترین ڕێکەوت ساڵی دامەزراندنی دەوڵەتی ماد یا مێدییە هەتا وەکوو هەموو گەلانی ناوچە و جیهان بۆنەیەکی تایبەتی خۆمان وەکوو خاڵێکی بەهێزی مێژوویی هەبێ هەتا ڕۆژژمێری کوردی لەسەر ڕاست بکەینەوە، ڕەنگە بۆ زۆر کەس پرسیار درووست بێ کە کورد پێش مادەکانیش هەبووە، بەڵام ئەوەی لێرە مەبەستمانە دانانی ڕۆژژمێر و ساڵنامەیە کە ئێمە پێویستمان بە ڕووداوێکی گەورەی مێژووییە. ئێمە گەر سەرنجی دوای مێژووی مادەکان بدەین دەبینین کورد لە ڕووخانی مادەوە هەتا کەوتنی ساسانی و دوای ئیسلامیش هەر لە پرش و بڵاویدا ماوەتەوە.
نەورۆز لە سەردەمی ئیسلامیشدا وەکوو بۆنە ڕەنگی داوەتەوە و لەلایەن هەندێک لە خەلیفەکانەوە دانپێندراوە و لەلایەن هەندێکیشەوە قەدەخە کراوە. ئەلبەلازەری دەڵێ کوردەکان مەرجی پیرۆزراگرتنی نەورۆزیان دانابوو هەتا بهێڵن سەرکردەکانی سپای ئیسلام ڕوو لە کوردستان بکەن، کوردەکانی بلاسجان و سەبەلان و ساتروودان لەو کوردانە بوون.لە سەردەمی ڕاشدیدا لەلایەن عومەرەوە قەدەخە کراوە بەڵام لە سەردەمی عوسمان و عەلیدا هێشتوویانە خەڵک جەژن بگرن و لە سەردەمی ئومەوی و عەباسیشدا بە وەرگرتنی باج و خەراج هێشتوویانە خەڵک یادەکە بکەنەوە. نەورۆز لە سەردەمی عەباسییەکان تەنانەت لە شاری بەغداش پیرۆز کراوە و لە سەردەمی فاتمییەکان لە میسریش یادی کراوەتەوە و دانەیەکیان وەکوو میری نەورۆز بە جلی سوورەوە لەسەر گوێدرێژێک بە ناو خەڵکدا دەگەڕاند کە خەڵک خەڵاتی دەدایە و هەر کەس خەڵاتی نەورۆزانەی پێ نەدابا، میر ئاوی پێدا دەکرد.
کاوە، زوحاک و چوارشەمەی سوور و درۆ و دەلەسەی فیردەوسیی باوکی زمانی فارس
لە پێشدا لە سەر چوارشەمەی سوور دەدوێێن کە لە ئێستادا وەکوو دوایین چوارشەمەی ساڵ لە مانگی ڕەشەمەدا خەڵک بە ئاگرکردنەوە یادی دەکەنەوە و هەندێك کەسیش بە هەڵە لەژێڕ هۆژموونی و چەواشەکاری فارسدا وەکوو کوشتنی زەهاک بە دەستی کاوەی دەبینن.
کۆنترین مێژوو یان ئایینێک کە باسی چوارشەمەی سووری تێیدا کرابێ، ئایینی کوردانی ئێزدییە کە ڕێکەوتەکەی دەکەوێتە مانگی دووهەمی بەهارەوە و وەکوو سەرەتای ژیان و تەقینەوەی گۆیەک وەکوو هێلکە باسی دەکرێ کە بە وردی لە پێشەکیی “مسحەفا ڕەش” و جیلوە لێی دواوە. لەو مانگەدا کوردانی ئێزدی زەوی ناکێڵن و ژن و ژنخوازییش ناکەن، چونکە باوەڕیان وایە کە گوڵان جوانترین بووکی ساڵە. لە ڕووی ماتریاڵی وشەکەشەوە وشەی سوور و شەم لەنێو کورددا واتای ڕاستەقینەی خۆی لە ژینگە و سروشتی کوردەوە وەردەگرێ. شکاندنی هێلکە وەکوو نەریت لەو ڕۆژەدا بۆ باوەڕی کۆنی کورد دەگەڕێتەوە کە فارس و کۆچەری دەشتەکی لێی بێبەرین.
بۆ زوحاک و کاوە ڕەنگە فیردەوسی دوایین کەسێک بێت باسی کردبێ کە وەکوو هۆنەر و هەڵبەستوان نێوەرۆکی داستانەکانی لە پێش خۆی و بە تایبەتی “خوداینامەگ” وەرگرتوە. هەتا پێش هاتنی ئیسلام شا و بەگ و بەغ و کەی و کەیخوا و کوێخا هەموو حوکمی خوداوەند و خاوەند و خاوەنی هەبوو، کەچی دواتر هەمووی گۆڕا و وشەی شا جێی ئەوانی گرتەوە. “خوانامەگ” کە هەتا سەردەمی ساسانی بەردەوام بوو لە ڕۆژگاری ئەوڕۆش بە کوردی خوارین یان کەڵووڕی واتای خۆی هەیە.
لەسەر کاوە و زوحاک ئەگەر بێتوو ئێمەی کورد لێێ بدوێین دەبێ بە ڕوانگەی باوەڕەکانی کورد لە سەردەمی پێش هاتنی ئیسلامەوە باسی بکەین. چونکە ڕوانگەی مێژوونووسانی دوای ئیسلام قەوەی بە لێکدانەوەی دوونادوونی ڕوحی مێژوویی کورد ناشکێ. کاتی خۆی شاملووی فارس لە بێکەسیی نەتەوەی کورددا خۆی لە کورد کردوە بە کوێخا و زوحاکی کردووە بە ئاشتیاگ و کاوەشی وەکوو ئارپاکۆ ناساندوە کە بەداخەوە هەندێک کوردی دەستەمۆی وێژەی فارسی داگیرکەریش بە هەمان ڕێرەودا کەوتوونەتە شوبهاندن. لە مێژووی کورددا هاوشێوەی ئەم چیرۆکە بە دەیان ڕووداوی مێژووییمان هەیە کە وەک دوونادوون لە مێژوودا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو داستانانە وەکوو ئەفسانە یان ڕووداو لە سەردەمی خواوەندەکانی میتانی و هۆرییەوە دەست پێ دەکا و تا سەردەمی جامەکەی حەسەنلووی چۆمی گادەر دێت و دواتر تەنانەت لە شێخ مەند و شێخ ڕەشی ئایینی ئێزدیشدا ڕەنگی داوەتەوە. لە هەقیقەتیشدا بنەڕەتی ئەم داستانە بریتییە لە شەڕی شێر و مانگا کە شێر واتای هەتاو یان خۆر دەدا و مانگاش ڕۆڵی پانتایی زەوی دەگێڕێ.
ئەوەی فیردەوسی باسی دەکا بە گریمانەی زۆر لە چیرۆکی شەڕی کوردانی ماننایی وەرگیراوە کە باس لە شەڕێکی نێوخۆیی کوردان دەکا کە هیچ پەیوەندییەکی بە فارسەوە نییە. لەم شەڕەدا کوردانی ماننایی پاشایەکی کۆیلەی خۆیان کە خۆی بە ئاشوور فرۆشتوە دەکوژن. لە لایەکی دیکەوە جوگرافیای هەڵبەستەکانی نێو شانامە زۆرینەی پەیوەستە بە خاکی کوردستانەوە و ١٣٠ ساڵ پێش فێردەوسی، ئەبووحەنیفەی دینەوەری لە “ئەخباروتەوال”دا باسی کردوە. لە لایەکی دیکەوە باسی مار لە مێژوودا بریتییە لە هێز و دەسەڵات و تەنانەت لە نێو زانستی پزیشکیشدا ڕەنگی داوەتەوە، چونکە لە نێو کورددا مار وەکوو پیرۆزییەکی نێو بەلەمەکەی نوح سەیر دەکرێ، هەر بۆیە عەرەب و فارس دەیانهەوێ بە شێوەیەکی وەهماوی لێی بدەن هەتا پاشایەتیی کوردی ماد لە بەر چاوی نەتەوەی کورد بخەن.
نەورۆزی هەموو کورد پیرۆز بێت.