نەبوونی پێداویستییە سەرەتایییەکان و بەتایبەت پێداویستییە پزیشکییەکان لە ناوچەی “سیلوانا”ی دەڤەری ورمێی کوردستان، کێشەی جیددی و مەترسیداری بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە دروست کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی کوردستان، نەبوونی پێداویستییە سەرەتایییەکانی ژیان وەکوو پێداویستییە گرینگە سەرتایییە پزیشکییەکان، ڕێگەوبانی ستاندارد، ماشینی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە لە ناوچەی “سیلوانا”ـی دەڤەری ورمێی کوردستان کێشەی جیددی و مەترسیداری بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە دروست کردووە و خەڵکی ناوچەکە لەسەر ئەم پرسەش بەردوام سەردانی شوێنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لە ورمێیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم وەک هەمیشە هیچ بایەخێکیان بە داخوازییەکانی ئەو خەڵکە نەداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پێوەندییەدا بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی ڕاگەیاند؛ ناوچەی “سیلوانا”ی ورمێ جیا لەوەی کە ناوچەیەکی گەشتیارییە، نزیک بە ٧٠٠٠٠ کەس جەماوەر و ڕووبەرێکی زۆری هەیە و پێویستی بە چەندین وێستگەی جیاواز و ماشینی فریاکەوتنی پزیشکی و ئاگرکوژێنەوە هەیە کە لە بارودۆخی هەستیار و پێویستدا بە زووترین کات بە مەبەستی گواستنەوەی نەخۆشەکان بۆ نزیکترین نەخۆشخانە یان هەر ئەگەرێکی ئاگرکەوتنەوە ئامادە بن، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تا هەنووکەش هیچ بایەخێکی بەو کێشانە نەداوە.