بەشێکی زۆر لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کێشەی ئاو و بەتایبەت ئاوی خواردنەوەیان هەیە و تاکوو ئێستاش بەرپرسانی ڕێژیمیش هیچ بایەخێکیان بەو کێشەیە نەداوە.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا پڕۆژە ئامانجدارەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی و بەتایبەت سپای تێرۆریستیی پاسداران لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان و بەتایبەت لە شارە گەورەکانی ڕۆژهەڵات، وەکوو دروستکردنی بەنداوگەلێکی ناستاندارد و بەبێ ڕەچاوکردنی پێوەرە ئەندازیارییەکان و گواستنەوەی ئاوەکانی کوودستان بۆ ناوەندی ئێران، کێشەی ئاوی خواردنەوەی لە شارەکانی کوردستان و بەتایبەت مەریوان، سنە، مەهاباد، ئیلام، بانە و کرماشان داوێنی خەڵکی گرتووەتەوە و بووەتە کێشەیەکی جیددی و مەترسیدار.
ئەم سیاسەتەی ڕێژیم لە خووزستانیش بەڕێوە دەچێت و سەرەڕای بوونی ڕووباری کاروون کە یەکێک لە گەورەترین ڕووبارەکانی ئێرانە، بەڵام خەڵکی خووزستان تووشی کێشەی کەمئاوی و وشکەساڵی بوون، هەر بۆیە ساڵی ڕابردوو لەسەر ئەو سیاسەتەی ڕێژیم و وشککردنی ئامانجداری ڕووباری کاروون خەڵکی خووزستان هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی کە ڕێژیمیش وەکوو پیشەی هەمیشەییی خۆی هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و ناڕازییان.
هەر لەم پێوەندییەدا بەپێی ئامارەکانی ئەکبەر مێحرابیان، وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران؛ زیاتر لە ٣٠٤ شاری گەورە و بچووکی ئێران کە بەشێکیان ناوەندی پارێزگاکانن، هەروەها زیاتر لە ١٠ هەزار گوندی ئەو وڵاتە تووشی کێشەی کەمئاوی و بەتایبەت ئاوی خواردنەوە بوون.