ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی ئاپریلی ٢٠٢٢ی زایینی، ئاکسێونێک لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.
ئاکسیۆنەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ” ئەی ڕەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئیران- کۆمیتەی ئاڵمان، بە زمانی ئاڵمانی لەلایەن بەرێز خاتوو لەعلا و پەیامی ناوەند بە زمانی کوردی لەلایەن بەڕیز موختار ئەحمەدی خۆێندرایەوە و هەروەها پەیامی ناوەند بە زمانی فارسی لەلایەن بەڕێز ئەمیر جەعفەری پیشکەش بە بەشداربووان کرا.
لە درێژەی ئاكسیۆنەكەدا پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان ئێران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ٧٥مین ساڵرۆژی لەسێدارەدرانی پێشەوا و هاوڕێیانی لەلایەن بەرێز سۆڵتان دێمە خوێندرایەوە. هەروەها پەیامی “كوردیشە گمایەندە” كە ڕێكخراوێكی ئاڵمانی-كوردییە لەلایەن بەڕێز جیهات بەشیر و هەروەها وەتارێک بۆ پشتیوانی لە زێندانیانی سیاسی و مەدەنیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێشكەش بە بەشداربووانی ئاكسێونەكە كرا.
پاسان هونەرمەند ڕافا سەرڕووتی بە دەنگە خۆش و شۆڕشگێڕانەکەی بە هاوکاریی هونەرمەند مەناف مەجیدی هەستێکی شۆرشگێرانەیان بە ئاکسیۆنەکە بەخشی و دواتر بەڕێز محەممەد میسری پەیامی “یەکیەتی و هاوپێوەندی و ئازادی و یەکسانی لە ئێران”ـی بە زمانی فارسی پێشکەش کرد
لە كۆتاییدا بە خوێندنەوەی داواكارییەكانی خۆپێشاندەران كە بەریتی بوون لەم خاڵانەی خوارەوە كۆتایی بە ئاكسێونەكە هات.
-ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی کردەوە دژی مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین پاڵپشتی بزووتنەوەی دێموکراسی خوازەکان و بە تایبەت خەباتی ڕەوای گەلی کورد بکەن و ڕێزگرتن لە پرەنسیپەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ بکەنە مەرجی سەرەکی بۆ پێوەندییە سیاسی و بازرگانیەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.
-گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی گرتن و کوشتن، ئەشکەنجە، ئێعدام وسزاگەلی قورس و بێبەری لە هەرچەشنە بنەمایەکی یاسایی و ئینسانی دژی زیندانیانی سیاسی، ژینگەپارێزان، ژنان، مامۆستایان و چالاکانی مەدەنی و جیابیران.
-گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی کە ڕێز لە بنەما سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤ بگرێت و پێش بە دەربڕینی بیروبۆچوون و خەباتی مەدەنی و سیاسیی گەلانی ئێران نەگرێ.