کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ڕایانگەیاند کە ١٠٠کۆچبەر بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێک لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ڕایانگەیاند کە نزیکەی ١٠٠ کۆچبەر کە دەیانویست لە وڵاتی “لیبی”ـیەوە بەرەوە ئورووپا بڕۆن، لە دەریای ناوەڕاست بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەوە گیانیان لەدەست دا و هەر لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە دەریای ناوەڕاست زیاتر لە ٣٠٠ پەنابەر بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەوە بوونەتە قوربانی.
ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوویش وتی: ئەو پەنابەرانە حەوتووی ڕابردوو لە لیبییەوە بەرەوە ئورووپا بەڕێ کەوتوون، بەڵام دیار نییە هۆکاری نوقمبوونی بەلەمەکەیان چی بووە و نەوتهەڵگرێک لە کاتی تێپەڕینی بە دەریای ناوەڕاستدا پێی زانیون و توانیویەتی گیانی ٤ کەس لەو کۆچبەرانە ڕزگار بکا و نزیکەی ١٠٠کەسی دیکە گیانیان لەدەست داوە.