ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوانی نەورۆزی سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران ئەشکەنجە کراون و بە زۆرەملێ قژ و سمێڵیان تاشیون.
سێ هاووڵاتیی کورد لە دەسبەسەرکراوانی نەورۆزی سنە بە ناوەکانی “ئومێد شێخی، “سامان میرەکی” و “ئارمان سەلیمی” لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای “سنە (شارامفەڕ) بە سەختی ئەشکەنجە کراون، بە جۆرێک کە سامان میرەکی سەری لە دوو جێگاوە شکاوە.
ئەم سێ هاووڵاتییە دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی شاری سنە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم لەو شارە بانگ کرابوون و دەسبەسەر کرابوون.
شایانی باسە کە لە دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران کە ناسنامەی ٣١ کەسیان ئاشکرا بووە و ١٢ کەسیان لە شاری سنە هێشتا دەسبەسەرن.