دۆناڵد ترامپ ڕوو بە دەوڵەتی جۆ بایدێن بەهۆی درێژەپێدان بە دانوستانەکانی بەرجام و ڕێگەدان بە رووسیە و چین بۆ وتووێژکردن لەلایەن ئەمریکاوە، ڕەخنەی توندی گرت و دەوڵەتی بایدێنی بە گەمژە ناو برد.
ڕۆژی شەممە ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لە “میشیگان” وتی: ڕووسیە خەریکە لەلایەن ئێمەوە وتووێژ دەکا و وڵاتی “چین”ـیش ڕۆڵی پشتیوان دەبینێ، ئەمریکا بەهۆی سیاسەتەکانی بایدێنەوە بەرەو هەڵدێر دەچێ و دەیهەوێ درێژە بە دانوستانەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بدا، بەڵام نازانێ ئەو ڕێژیمە بە هیچ شێویەک بۆ وتووێژکردن جێی متمانە نییە و ئەو کارەی دەوڵەتی بایدێن کارێکی گەمژانەیە.
ناوبراو وتیشی: خودی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کارەستانە و هیچ کەسیش باوەڕ ناکا، بەڵام ئێمە خەریکین هەموو شتێک لەدەست دەدەین و هەموو ئەو شتانەی کە لە پێوەندی لەگەڵ تاران شەڕمان بۆ کردووە خەریکین لە دەستی دەدەین و پێویستە دەوڵەتی بایدێن ئەوە باش بزانێ ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوە نابێ متمانەی پێ بکرێ، لەبەر ئەوەی ئەو ڕێژیمە فێری خوێنڕشتن و کۆمەڵکوژی بووە و ئەگەر دەوڵەتی من ئێستاش لەسەر کار با، بە جۆرێک لەگەڵ تاران ڕێککەوتنم دەکرد کە ئیتر نەتوانێ چی پێخۆش بێ بیکات.