کەسایەتییەکی خۆشناو و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوە “حاجی قادری سووری” ناسراو بە حاجی قادری چۆڵپەموو” لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجی قادر کەسایەتییەکی دیار، خۆشناو و نیشتمانپەروەر و حیزب خۆشەویست بوو؛ ناوبرا کەسێکی جێگای ڕێز و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەی سەردەشت بوو و هەروەها هاوکار و ئەندامێکی چالاکی جووڵانەوەی پڕشکۆی ساڵەکانی ٤٦ـ ٤٧ی هەتاوی حیزبی دێموکرات بوو.
بەهۆی چالاکی وهاوکاریی ناوبراو بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی دوو ساڵ وەک بەندکراوی سیاسی لە زیندانەکانی ساواک گیرا و سەرەڕای گرتن و زیندان و بێڕێزی پێکردن لەلایەن کاربەدەستانی ساواکەوە، لە ڕیگا و ڕیبازی حیزبەکەی پاشگەز نەبووە و وەک هاوکار و پشتیوانێکی بەهێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات مایەوە و تا دواهەناسەی بە ڕێبازی دێموکرات وەفادار مایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری حاجی قادر سووری و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەی سەردەشت دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.