دەوڵەتی بریتانیا دەڵێ: چین تۆمەتبارە بە هێرشی سایبێری بۆسەر ٦٠٠ ماڵپەڕ و سایتی ئۆکراین بە تایبەتی سایتی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراین.
لە کاتێکدا کە وڵاتی چین تا ئێستاش لە مەحکوومکردنی هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین خۆدەبوێرێ، ناوەندی نەتەوەیی ئەمنییەتی سایبێری بریتانیا، ڕۆژی شەممە ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا وڵاتی چین بە هێرشی سایبێری بۆسەر ٦٠٠ماڵپەڕ و سایتی وڵاتی ئۆکراین بە تایبەتی سایتی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکا و دەڵێ: لە پێش هێرشە سەربازییەکەی ڕووسیەوە بۆسەر ئۆکراین، چین هێرشە سایبێرییەکەی بەدژی وڵاتی ئۆکراین دەست پێکردووە.
وتەبێژی دەوڵەتی بریتانیا لەم پێوەندییەدا دەڵێ: ناوەندی نەتەوەیی ئەمنییەتی سایبێری بریتانیا هاوڕێ لەگەڵ هاوبەشە نێونەتەوەییەکانیدا خەریکی تاوتوێکردنی ئەو هێرشە سایبێرییەن بۆسەر وڵاتی ئۆکراین.
ڕۆژنامەی تایمز بە پشتبەستن بەو بەڵگە زانیارییانەوە کە لە ڕێگەی دەزگای زانیارییەکانی بریتانیاوە بە دەستی گەیشتووە لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێ: دەزگای پاراستنی ئۆکراین” ئێس بی یوو” ڕایگەیاندووە کە وڵاتی چین پێش لە هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین دەستی بە هێرشی سەربازیی بۆسەر ماڵپەڕە گرینگەکانی ئۆکراین کردووە.