ساڵانە لە ئاواییەکانی ناوچەی هەوشار جامی نەورۆزیی تۆپی پێ بەڕێوە دەچی و ئەمساڵیش بە بەشداریی ١٦ تیمی تۆپی پێ، جامی نەورۆزی بەڕێوە چوو و تیمی “بەیان”ـی ئاوایی گوزەبڵاخ بوو بە براوەی یارییەکە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆتایی بە جامی نەورۆزیی ئەمساڵی تۆپی پێی ئاواییەکانی ناوچەی هەوشار هات و ١٦ تیمی تۆپی پێ بەشدارییان لە جامی نەورۆزیدا کرد و زیاتر لە مانگێکی خایاند و لەو کێبەرکێیانەدا تیمی “بەیان”ـی ئاوایی گوزەبڵاخ بوو بە براوەی یەکەمی یارییەکان؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەرکی بەڕێوەبردنی یارییەکان لەسەر خەڵکی ناوچەکە بووە و بەرپرسانی ڕێژیم تەنانەت یاریگایەکی ستانداردیشی لەو ناوچەیە دروست نەکردووە.
لاوانی وەرزشوانی ناوچەی هەوشار ساڵانە لەسەر ئەرکی خۆیان بە بەشداریی ئاواییەکانی ناوچەکە، جامێکی نەورۆزیی یاری تۆپی پێ بەڕێوە دەبەن و داوایان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ناوچەیە کردووە کە لانیکەم یاریگایەکی ستانداردیان بۆ دابین بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە و لەسەر ئەرکی خۆیان گۆڕەپانێکی “خۆڵی”ـیان کردووەتە یاریگا و یارییە نەورۆزییەکانیان بەڕیوە دەبەن و لەو یارییەی ئەمساڵدا تیمی “بەیان”ـی ئاوایی گوزەبڵاخ بوو بە براوەی جامی نەورۆزی ١٤٠١ی هەتاوی.