ژنێکی پەناخوازی کورد و خەڵکی “سەرپێڵی زەهاو”ـی سەر بە پارێزگای کرماشان، بەناوی ” قەدەم خەیر حەقانی زادە” کە مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لە سەرە، لەلایەن پۆلیسی دانمارکەوە نامرۆڤانە دراوەتە بەر لێدان و دواتر دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، هێزەکانی پۆلیسی دانمارک لەگەڵ کارمەندانی کەمپی پەنابەرە دیپۆرتییەکان لە شاری “کۆپێنهاگ” قەدەم خەیر حەقانی زادە، پەناخوازی خەڵکی “سەرپێڵی زەهاوی”ـیان لە پێش چاوی دوو کوڕە ١١ ساڵەکەی داوەتە بەر لێدان و بێڕێزیپێکردن و دەست و لاقیان بەستووە و دواتر گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێشەوە بردوویانەتە دەسبەسەرگەی پۆلیسی ئەو شارە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی پۆلیس تا ڕادەیەک قەدەم خەیریان ئازار و ئەشکەنجە داوە کە جەستەی بە تەواوەتی شین بووەتەوە و لە دوێنێوە ئیزنیان نەداوە هیچ کەس سەردانی بکا، ناوبراو ساڵی ٢٠١٤ی زایینی وەکوو پەنابەر چووەتە دانمارک و پۆلیسی ئەو وڵاتە بە بیانووی ئەوەیکە بە پاسپۆرت لە ئێرانەوە چووەتە تورکیە پێیان ڕاگەیاندووە کە تۆ هیچ کێشەیەکت بۆ مانەوە لە ئێران نییە و لە ماوەی ئەو ساڵانەدا چەندین جار داوای پەنابەرییەکەی لەلایەن ئیدارەی پەنابەرانی دانمارکەوە ڕەت کراوەتەوە.