ڕۆژنامەی جێرۆزاڵم پۆست بە بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتێک دەڵێ: هێزە ئاسمانییەکانى ئەرتەشی ئیسرائیل لەماوەی ٥ ساڵى ڕابردوودا، زیاتر لە ١٢٠٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و مۆڵگەکانی ڕێژیمی ئێران لە خاکى سووریە.
هەواڵدەریی ئەلجەزیرە، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەی “جێرۆزاڵم پۆست”ی ئیسرائیلی کە بەبۆنەى کۆتاییهاتنى بەرپرسایەتی فەرماندەى هێزە ئاسمانییەکانى ئیسرائیل، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردبووەوە ڕایگەیاند کە لەماوەی ٥ ساڵى ڕابردوودا واتە لە سەردەمى بەرپرسایەتی نۆرکین، لە ٤٠٨ ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا، ١٢٠٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر خاکى سووریە و ٥٥٠٠ بۆمب و مووشەکیان بەسەر بارەگا و بنکەکانى سپاى تیرۆریستى پاسداران و میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى باراندووە.
بەپێى ڕاپۆرتەکە، تەنیا لە ساڵى ڕابردوودا لە دەیان هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر سووریە، ١٧٤مۆڵگەی ڕێژیمی ئێران ومیلیشیاکانی ئەو رێژیمە بە ٥٨٦ بۆمب و مووشەک کراوەتە ئامانج.
جێرۆزاڵم پۆست لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: ئامانج لەو هەموو هێرشە، “پێشگرتن لە سپاى تیرۆریستى پاسداران لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل و پێشگرتن لە گەیاندنى چەکوچۆڵ بۆ گرووپی حیزبوڵاى لوبنان”، بووە.