زیاتر له ٩ مانگه ڕێگا سنوورییه‌کانی کوردستان که بۆ کار‌و هاتوچۆی کۆڵبه‌ران کرابوونه‌وه داخراون.
ده‌روازه سنوورییه‌کانی کۆڵبه‌ری که له چه‌ند ساڵ له‌وه پێش‌وبه مه‌به‌ستی دابینکردنی هه‌لی کار‌و بژیوی ژیانی کرێکارانی ناوچه سنوورییه‌کانی مه‌ریوان، بانه‌و سه‌وڵاوا له پارێزگای سنه‌و؛ له پارێزگاکانی دیکه‌ی کوردستانیش کرابوونه‌وه، نیزیک به ٩ مانگه داخراون‌و به‌وه‌ش خه‌ڵکه‌که تووشی کێشه‌و گرفتی زۆر بوون.
له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به داخرانی ئه‌و ڕێگاو سنووره هاتنی کاڵای بیانی بۆ کوردستان به‌تایبه‌ت شاره‌کانی مه‌ریوان، بانه‌و سه‌رده‌شت به ته‌واوی له که‌می داوه‌و بووه‌ته هۆی ڕاوه‌ستانی بازاڕ‌و ته‌نانه‌ت داخرانی زۆر له دووکان‌و پاساژه‌کان.
عه‌لیڕه‌زا ئاشناگه‌ر، جێگری سیاسی، ئه‌منیه‌تی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیی پارێزگاری سنه ده‌ڵێ داخستنی ئه‌و ڕێگا سنوورییانه به‌هۆی ناکۆکی‌و یه‌کلانه‌بوونه‌ی کێشه‌کانی نێوان ناوه‌نده‌کانی چاوه‌دێری‌و ئیداره‌ی سنووره‌کان داخراون.
ده‌وڵه‌ت پێی وایه کرانه‌وه‌ی ئه‌و سنوورانه زیان به وه‌به‌رهێنانی نێوخۆ ده‌گه‌یه‌نێ، به‌ڵام کارناسانی ئابووری ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی زیان به وه‌به‌رهێنانی نێوخۆ ده‌گه‌یه‌نێ قاچاغی ساڵانه زیاتر له ٢٠ میلیارد دۆلار کاڵایه، که ئه‌ویش نه‌ک به ڕێگای ئه‌و سنوورانه، به‌ڵکوو له ڕێگای ده‌روازه ڕه‌سمییه‌کانی وڵات، وه‌ک فڕۆکه‌خانه، به‌نده‌رو ئیسکه‌له‌و ده‌روازه سنووره ڕه‌سمییه‌کانی دیکه‌وه ده‌ڕژێته وڵاته‌وه.
داخرانی سنووره‌کانی کوردستان له حاڵێک دایه که ته‌نیا له پارێزگای سنه ٦٠٠٠ بنه‌ماڵه ڕه‌سمه‌ن به وه‌رگرتنی ده‌فته‌رچه‌ی کۆڵبه‌ری بژیوی ژیانی خۆیان له‌و ڕێگایه‌وه دابین ده‌کرد که به داخستنی سنووره‌کان‌و له‌کار بێکاربوونیان کێشه‌ی زۆریان بۆ دروست بووه.
عەزیز حەسەنی، فەرمانداری سەردەشتیش ده‌ڵێ ته‌نیا له‌و شاره ٤ هەزار کەس لە خه‌ڵکی شاری سەردەشت لە رێگای کۆڵبەرییەوە بژیوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن‌و ئەگەر بنەماڵەکانی ئەوان بێنینە حیساب، ئەوە هه‌ر نه‌بێ ١٦ هەزار کەس لەم شارە به کۆڵبەری دەژین.