خەڵکی ئاوایی “قۆزڵوو”ـی ناوچەی هەوشار لە بەردەم فەرمانداریی شاری “ساینقەڵا” لەدژی کەمتەرخەمی و پشتگوێ خستنی ئەو ناوچە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی ئاوایی “قۆزڵوو”ـی هەوشار لە دژکردەوە بە وڵامنەدانەوەی داواکارییەکانیان بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانی ئاواییەکەیان ڕووبە بەرپرسانی ڕێژیم لەو ناوچەیە ناڕەزایەتییان دەربڕی و چوونە بەردەم فەرمانداریی” ساینقەڵا” بەڵام کە هیچ وڵامێکیان وەرنەگرت خۆیان دەستیانکردووە بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانیان.
شایانی باسە کە بەرپرسانی ڕێژیم زیاتر لە دووساڵە داواکاریی ئەو خەڵکەیان جێبەبێ نەکردووە لە حاڵێکدا هەر لەو ماوەیەدا دوو ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتیی لە ئاواییە.
جێگای ئاماژەیە کە هەوشار خاوەنی یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی زێڕی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەکرێ بەڵام خەڵکەکەی لە هیچ خزمەتگوزارییەکی ستانداردی سەرەتایی وەکوو ڕێگاوبان، نەخۆشخانە، زانکۆ و ئیمکاناتی سەردەم و بەڕۆژ و بە نیوە پێوەرە جیهانییەکانیش بەرهەمێکیان نەدیوە و بەردەوام پشتگوێ خراون و تەنیا پێکدادانی ماشین و گیان لەدەستدانی خەڵکەکەی و تۆز و خۆڵی ڕێگاکانی تاڵانی سەرچاوەکانی خۆیانیان لە لایەن مافیای سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە نسیب بووە.