بەشێک لە یاسادانەرانی کۆماریخوازی ئەمریکایی و هەروەها بەشێک لە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران بەشی فارسی کاناڵی تەلەڤیزیۆنی ” دەنگی ئەمریکا” بە پشتیوانیی لە ڕێژیمی ئێران تۆمەتبار دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” واشینگتۆن فێری بەیکن” ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ئێسکات پێری، ئەندامی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا و ٦ کەسی دیکە لە ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا، سەرەڕای تۆمەتبار کردنی بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکا بە پشتیوانیی کردن لە ڕێژیمی ئێران، داوایان لە بەرپرسی کاناڵی دەنگی ئەمریکا کردووە کە هەموو بەڵگەنامە نێوخۆییەکانی پێوەندیدار بە وەرگرتنەوەی دووبارەی” ستارە درەخشێش” بداتەوە بە کۆنگرەی ئەمریکا.
هەروەها لەدڕێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، دژبەرانی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی ئەمریکایی دەڵێن: ڕێژیمی ئێران دزەی کردۆتە نێو بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا و ڕاستەوخۆ بانگەشە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکا و ئەو کاناڵە تەنیا کارناسگەلێک دەبەنە سەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکەیان کە ڕێک ئامانجەکانی ڕێژیمی ئێران دەپێکن و بانگەشە بۆ ویستەکانی ڕێژیمی ئێران دەکەن و هەروەها ئەو کاناڵە بە بەرپرسایەتیی و ڕێبەریی ستارە درەخشێش لە دەنگی ئەمریکاوە بووە بە دەنگی تاران.