هاوکات لە گەڵ هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ لابردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر سپای پاسداران. ئەمریکا گەمارۆی نوێی بەسەرکەسێک و چەند کۆمپانیای پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ئێرانەوە سەپاند.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە گەمارۆی خستووەتە سەر کەسێک بەناوی” محەممەد عەلی حوسەینی” کە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانیەوە لەگەڵ ناوەندی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی مووشەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندیدایە و پشتیوانی سەرەکیی بەرنامە مووشەکی و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیکی ئێرانە.
هەروەها لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکادا هاتووە کە کۆمپانیاکانی” جوستار سەنعەتی دلیجان” کۆمپانیای پیشەیی بەرهەمهێنانی پارس بەنای سەدر” گرووپی پیشەیی سایەبان پێوەندیدار بە”محەممەد عەلی حوسەینی”یەوە، کۆمپانیای سینا کامپوزیت دلیجان، پێوەندیدار بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە خراونەتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەو کۆمپانیاگەلەی کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکاوە گەمارۆیان خراوەتەسەر پێوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ پرۆژەی لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو گەمارۆگەلە پاش هێرشی مووشەکیی ڕێژیم ئیران بۆ سەر هەولێر و هەروەها هێرشی میلیشیا حووسیەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر دامەزراوەی ” ئارامکۆ”ی وڵاتی عەرەبستان هاتووەتە ئاراوە.