ڕاوێژکاری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دەڵێ: لە دەستپێکی هێرشی سەربازیی ڕووسیەوە بۆسەر ئۆکراین زیاتر لە ١٠ میلیۆن کەسی ئۆکراینی کە نیوەیان منداڵن ئاوارە بوون.
جویس مێسۆیا، ڕاوێژکاری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە دانیشتنی شۆرای ئاسایشی ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاند کە بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەستپێکی هێرشی سەربازیی ڕووسیەوە بەدژی ئۆکراین ١٠ میلیۆن کەسی ئۆکراینی ئاوارە بوون کە زیاتر لە ٦ میلیۆن و ٥٠٠هەزار کەسیان لەنێو ئۆکراین ماڵەکانی خۆیانیان بەجێ هێشتووە و ٣ میلیۆن ٥٠٠ هەزار کەسیان بە ناچاری ڕوویان لە وڵاتانی دیکە کردووە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە؛ لەماوەی ئەو شەڕەدا زیاتر لە هەزار و سەد کەس لە خەڵکی مەدەنیی ئۆکراین کوژراون و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە تا ئێستا هیچ نیشانەیەک لە کەمبوونەوەی تێکهەڵچوونە سەربازییەکان لە ئارادا نییە.
جێگەی ئاماژەیە کە بەرپرسانی ئۆکراینی ئاماری کوژراوەکان بە زیاتر لەوەی ناو دەبەن کە کۆمەڵگەی جیهانی بڵاوی دەکاتەوە و بە وتەی شارەداری شاری ماریۆپێل لەکاتی گەمارۆدانی ئەو شارەوە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیەوە تا ئێستا ٥ هەزار کەس کوژراون.