شۆرای وەزیرانی عەرەبستان، داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکا کە لەهەمبەر هێرشی میلیشیا حووسییەکان کە بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران خاکی عەرەبستان بە مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج، بێدەنگ نەبێ.
شۆرای وەزیرانی عەرەبستان، ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەرپرسایەتی مەلێک سەلمان بێن عەبدولعەزیز، کۆبوونەوەی حەوتووانەی دەوڵەتی بەڕێوە برد و سەرەڕای مەحکوومکردنی هێرشی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران، هێرشی ئەو گرووپە میلیشیایەی بۆسەر خاکی عەرەبستان بە پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان ناوبرد و داوای لە وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کردووە کە ڕووبەرووی بکەران و پشتیوانانی ئەو هێرشە ببنەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردۆتە سەر پاڵاوگەی نەوتی ئارامکۆ و هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی لە عەرەبستانیان کردۆتە ئامانجی هێرشەکانیان.