دووكاندارانو كاسبكارانی شاری بانە كۆبوونەوەی ناڕەزایەتییهکانی خۆیان تا ٣ ڕۆژی دیكە ڕاگرتوهو دهڵێن چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەدواداچوونی ناڕەزایەتییەكانیان لە لایەن فەرمانداریی بانەو پارێزگاریی سنەە دەبن.
دووكاندارانی پاساژەكانی بانە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین به داخرانی سنوورەكان، زۆربوونی كرێ دووكانەكان، گیروگرفتی ئیداریو ڕاگیرانی کاری كۆڵبەری، بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ دووكانو بازاڕیان داخستو لە بەردەم فەرمانداریی ئەم شارە كۆبوونەوە.
یەكێك لەم كاسبكارانە لهبارهی كۆبوونەوەی نوێنەری دووكاندارانی ناڕازی لەگەڵ فەرمانداری گوتی: هاوكات لەگەڵ كۆتایی دانیشتنی نوێنەری ئەم دووكاندارانە لەگەڵ فەرماندار، كۆتاییان بە كۆبوونەوەكە هێناو بڕیار درا لە هەر پاساژێك دوو كەس وەك نوێنەری دوواندارەكانی دیكە هەڵبژێردرێنو تا ٣ ڕۆژی دیكە بۆ وەرگرتنەوەی دوایین وڵام و بەدواداچوونی داواكارییەكانیان سەردانی فەرمانداری بكەنەوە.
هاوکات له شاری سهردهشتیش بۆ پشتیوانی له داوای بازاڕییهکانی بانهو ههروهها کێشه هاوبهشهکانیان له چهند شوێن دوکانو بازار داخران.
شایانی باسە زیاتر لە ٦ مانگە چالاكییە بازرگانییەكان لە سنوورە ڕەسمییەكانی کوردستانو ههروهها لە ڕێگا قاچاغەكانیش له پارێزگاكانی سنە، ورمێ و كرماشان بە ڕێژەیەكی بەرچاو لە كەمی داوە.
كاربەدەستانی ڕەسمی پارێزگای سنە هۆكاری ئەم مەسەلەیان بۆ ڕاكێشانی سەرنجی خەڵك بەرەو بهکارهێنانو کڕینی کاڵا نێوخۆییەكان گەڕاندۆتەوە.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان تەنیا لە پارێزگای سنە ١٩٨ هەزار هاووڵاتیی دانیشتووی ناوچە سنوورییەكان ئەندامی تەعاونیی سنوورنشینان بوونو بە شێوەی ڕەسمی و لە ڕێگەی كۆڵبەرییەوە خەریكی چالاكی بازرگانین.
شایانی باسه پارێزگای سنە لە پەنا پارێزگاكانی كرماشان و سیستان و بەلووچستاندا، زۆرترین ڕێژەی بێكاری لە ئێرانی بۆ تەرخان كراوە.