لە سی و چوارەمین ڕۆژی هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، ڕووسیە لەهەمبەر پێدانی فرۆکەی شەڕکەر و پەدافەندی ئاسمانیی هۆشداری بە ناتۆ دەدا.
سێرگەی شویگۆ، وەزیری بەرگریی ڕووسیە، ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵە نێوخۆییەکانی ڕووسیە، سەرەڕای هۆشداری بە ناتۆ وتی: ئەگەر وڵاتانی بەشدار لە پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور “ناتۆ” فڕۆکەی شەڕکەر و پەدافەندی ئاسمانیی بدەن بە ئۆکراین، ئەوە موسکۆ وڵامێکی خێرا و گونجاویان دەداتەوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ناردنی بەلێشاوی چەکوچۆڵ بۆ ئۆکراین، بە ئەگەری زۆر هەڕەشە دروست دەکا بۆ سەر ئورووپا.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە لەهەمبەر هێرشە سەربازییەکەی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە یەک ڕۆژدا ٦٨ دامەزراوەی سەربازیی ئۆکراین و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەو وڵاتەی لەنێو بردووە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە ڕایگەیاند کە؛ لە دەستپێکی هێرشی سەربازیی ڕووسیەوە بۆسەر ئۆکراین تا ئێستا ١٢٣ فڕۆکەی شەڕکەری ئۆکراینی، ٧٤ هێلیکۆپتەری سەربازی و ٣١١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەو وڵاتەمان لەنێو بردووە.