پاش شكستهێنانی وتووێژی وڵاتانی بهرههمهێنی نەوت لە دۆحە، پێتەختی وڵاتی قەتەر كە بە مەبەستی سەقامگیریی بەرهەمهێنانی نەوت گیرا، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزیو هەروەها بایهخی دراوی تمهنی ئێرانیش لە بەرابەر دۆلاردا داشكا.
وتووێژی دۆحە لە حاڵێكدا شكستی خوارد كە داوا لە ئێرانو عەرەبستان كرابوو له كۆبوونەوەی سەقامگیریی نرخی نەوتدا بهشدار بن؛ بەڵام ئێران لە ناردنی وەزیری نەوتی خۆی بۆ ئەم كۆبوونەوەیە خۆی بوارد. ئێران پێشتریش چەندین جار ڕایگەیاندبوو كە ههتا ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی نەگەیەنێتەوە ئاستی پێش گەمارۆكان، ناچێته ڕیزی ئهو رێککهوتنانه.
ئێران پێش گەمارۆكان ڕۆژانە ٤ میلیۆن بۆشكەی نەوتی بەرهەم دێنا كە ئەم ڕێژەیە لە سەردەمی گەمارۆكاندا بۆ یەك میلیۆن بۆشكە لە ڕۆژدا دابەزی.
ئێران پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكانو له ئێستادا ڕۆژانە 2 میلیۆن بۆشكە نەوت بەرهەم دێنێو، بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دایە كە ئەم ئاستە بەرزتر بكاتەوە، بەڵام عەرەبستان كە لە مانگی مارسدا ڕۆژانە ١٠ میلیۆن بۆشكەی بەرهەم دههێنا، دەڵێ كە ئەگەر ئێران بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەكەی بەرزبكاتەوە، ریاز ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی جێگیر ناکا.