خه‌ڵكی خەباتگێڕی ڕۆژهەڵاتی كوردستان!
ڕێکخراو و کەسایەتییە ئازادیخوازەکانی ئێران!
هۆگران و ئەویندارانی ڕیگا و ئامانجەکانی پێشەوا قازی محەممەد لە هەموو بەشەکانی کوردستان!
حەفتاو پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له بەرەبەیانی ڕۆژی ١٠ی خاكه‌لێوه‌ی ١٣٢٦ی هەتاوی ( ٣٠ مارسی ١٩٤٧ی زایینی) پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، سه‌رۆك كۆماری كوردستان، حه‌مه‌حوسێن خانی سه‌یفی قازی، وه‌زیری بەرگریی كۆمار و، ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی، برای پێشه‌وا قازی و نوێنەری مەهاباد لە مەجلیسی ئێران، له مه‌یدانی چوارچرای شاری مه‌هاباد له سێداره دران. دوای ئێعدامی پێشه‌وا و هاوڕێیانی، ژماره‌یه‌كی دیكه له وه‌فادارترین ڕێبوارانی كۆماری كوردستان به تایبه‌تی له فهیزولڵابهگییهكان له دار دران و ژماره‌یه‌كی زۆریش له تێكۆشه‌رانی ساڵانی ١٣٢٥-١٣٢٤زیندانی كران یا ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بەجێ هێشت و په‌ڕیوه‌ی هەندەران بوون. ئێعدامی پێشه‌وا و هاوڕێیانی، کۆتایی تاڵی قۆناغێكی کورتخایەن بەڵام زێڕین و پڕ له ده‌سكه‌وتی نه‌ته‌وه‌ی كورد بوو كه لە مێژوودا بە سەردەمی کۆماری کوردستان ناسراوە؛ سەردەمێک کە نەتەوەی کورد تا ئه‌وكاته لە هیچکام لە بەشەکانی نیشتمانەکەی، نموونەی وای به خۆیه‌وه نه‌دیتبوو.
ڕامانێک لە كه‌سایه‌تیی پێشه‌وا و كار و كرده‌وه‌كانی، قووڵایی كاره‌ساتی ١٠ی خاكه‌لێوه و كاریگه‌ریی ئه‌و ڕووداوه تاڵه‌مان له‌سه‌ر مێژووی دوای خۆی زیاتر بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه. پێشه‌وا جگه له‌وه‌ی له بنه‌ماڵه‌یه‌كی خوێنده‌وار و به فه‌رهه‌نگی شاری مه‌هاباددا پێگەیشتبوو و، باوكی قازیی ئه‌و ناوچه‌یه بوو، بۆخۆیشی له خوێندن و خۆپێگه‌یاندندا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو. جگه له خوێندنی ئایینی، له بواری ئه‌ده‌بیات و شارەزایی لە زمانەکانی بێگانه‌شدا کەسێکی بەتوانا و هەڵکەوتوو بوو. پێشه‌وا جگه له زمانەکانی فارسی، عه‌ره‌بی و توركی، لە زمانەکانی ئینگلیزی، فەرانسەیی و ڕووسییش شارەزا بوو. ئەو کەسایەتییە لە سەردەمێکدا ئەو هەمووە زانین و لێهاتوویییەی لە خۆیدا کۆ کردبۆوە كه لە کوردستان به‌هۆی پشتگوێخرانی له‌لایه‌ن ڕێژیمی پاشایه‌تییه‌وه، ته‌نیا ڕێژه‌یه‌كی كه‌م له پیاوان، خوێنده‌وارییان هه‌بوو و خوێنده‌واری له نێو ژنانیشدا، هه‌ر نه‌بوو یان ده‌گمه‌ن بوو.
قازی محه‌ممه‌د هێشتا لاوێكی ٢٤ ساڵه بوو كه به‌رپرسایه‌تیی ئیداره‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئیسلامیی له شاری مه‌هاباد پێئهسپێردرا و پاشان كرا به به‌رپرسی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگی شاری مه‌هاباد. له ته‌مه‌نی ٣١ ساڵی و پاش مه‌رگی قازی عه‌لیی باوكی، بوو به قازیی ناوچه‌ی مه‌هاباد. تێگه‌یشتوویی و پێگه‌یشتوویی قازی محه‌ممه‌د، هه‌روه‌ها ئازایه‌تی و بوێریی ئه‌و له بەرگری له كورد و زمانه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه‌ی، ڕێز و خۆشه‌ویستی و پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌ویان له‌نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندا بردبووه سه‌رێ.
قازی محه‌ممه‌د هه‌رچه‌ند له سه‌ره‌تادا كه “كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان” (ژێکاف) دامه‌زرابوو، ئه‌ندامی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه نه‌بوو، به‌ڵام ڕێز و حورمه‌تێكی زۆری له‌لای بەڕێوەبەرانی كۆمه‌ڵه هه‌بوو و هه‌وڵێكی زۆریان دا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌ندام له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا. له ڕاستیدا ئه‌ندامه‌تیی قازی محه‌ممه‌د له كۆمه‌ڵه‌دا و قورسایی و شاره‌زایی ئه‌و وای كرد كه كۆمه‌ڵه بگۆڕێ بۆ “حیزبی دێمۆكراتی كوردستان” و قازی محه‌ممه‌د ببێ به دامه‌زرێنه‌ر و ڕێبەری حیزبی دێموكرات؛ بۆیه‌ش خه‌ڵك نازناوی “پێشه‌وا “یان پێدا و هه‌ر ئه‌ویش بوو به دامه‌زرێنه‌ری كۆماری كوردستان كه یه‌كێك له لاپه‌ڕه زێڕینه‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورده.
به‌ڕێوه‌بردنی كۆماری كوردستان به‌و په‌ڕی لێوه‌شاوه‌یی، ڕاکێشانی خۆشەویستی و پشتیوانیی تێکۆشەرانی کورد لە پارچەکانیتری کوردستان بۆ لای کۆمار، پێکهێنانی زۆرترین تەبایی لەنێو کۆمەڵی کوردستاندا، بەدیهێنانی کۆمەڵێک ده‌سكه‌وتی مێژوویی له بوارەکانی پێشمەرگایەتی، تەنایی، فه‌رهه‌نگی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەدا، به‌ڕێوه‌بردنی دەسەڵاتێکی کوردی له كه‌شوهه‌وایه‌كی ئازاد و دێموکراتیک‌دا، دامه‌زراندنی ژمارەیەک ڕێکخراوی سینفی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه تا ئه‌وكاته له مێژووی كورد و ته‌نانه‌ت ناوچه‌شدا بێوێنه بوو، گه‌وره‌یی كه‌سایه‌تیی پێشه‌وامان بۆ ده‌رده‌خەن. له خۆڕایی نییە كه د. قاسملووی نه‌مر، پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دی به گوڵێك چوواندووە كه له سه‌حرادا ڕوابوو.
كارنامه‌ی پڕله شانازیی پێشه‌وا به ده‌سگیركرانی له سه‌رماوه‌زی ١٣٢٥ (پاش داگیركرانه‌وه‌ی شاری مه‌هاباد له‌لایه‌ن ئه‌رته‌شی حەمەڕەزاشاوه) ته‌واو نابێ. بەرگرییەکانی پێشه‌وا له دادگای نیزامیی ڕێژیمی حه‌مه‌ڕه‌زاشادا، لە بوێری و بەحەقبوون و ژیربێژییدا شانیان لە شانی ئه‌و نوتقانه دەدا كه له مینبه‌ری سه‌رۆك كۆمارییه‌وه پێشكەشی كردبوون. بۆیەشە کە بەرگرییەکانی پێشەوا لە بێدادگای ڕێژیمی شایەتیدا بۆ هه‌تا هه‌تایه مایەی سهربەرزیی خۆی و نەتەوەی کوردن.
خەباتکارانی ڕێگەی ڕزگاری لە کوردستان !
پێشه‌وا قازی، بەو کەسایەتی و تایبەتمەندییە بەرزانەی، بەو کاریگەرییە فکری و ڕوحی و نیشتمانییەی، بۆ تێكۆشه‌رانی دوای خۆی بوو به نموونه و سه‌رمه‌شق؛ بوو بە قوتابخانەی کوردایەتی و خزمەت و تێکۆشانی نەتەوەیی. بوو بە چرای ڕێنوێن و، بوو بە ڕێنیشاندەری هەمیشەیی حیزبی دیموکراتی کوردستان. لە داوێنی ئەندێشە و ڕێبازەکەیدا چەندین ڕێبەر و سەرکردەی لێهاتوو، سەدان کەسایەتیی سیاسی و نەتەوەیی شوێندانەر، هەزاران خەباتکار و تێکۆشەر، پەروەردە بوون. ٧٥ ساڵە حیزبی دیموکراتی کوردستان بە شانازییەوە هەڵگر و درێژەدەری هزر و ڕێبازی سەرکۆماری شەهید، پێشەوا قازی و ئامانجەکانی کۆماری کوردستانە. ئەو ئامانجانەی پێشەوا، کردنی بە بەرنامەی حیزبی دیموکرات و، کۆماری کوردستانی بە نیازی وەدیهێنانیان دامەزراند، لە درێژایی ٧٥ ساڵی ڕابردوودا بە هەوڵی ڕێبەران و تێکۆشەران و ئەندامانی حیزبی دیموکرات، بە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاو بوونەوە. گیانبەختکردنی هەزاران شەهید و لە ڕیزی پێشەوەیان ڕێبەرانێکی وەک د.قاسملوو و د.شەڕەفکەندی، ئەم ڕێگا و ڕێبازەی وەها ڕەنگین و سەنگین کردوە کە بە هیچ هێزێک کاڵ نابێتەوە. بەردەوامبوونی ڕێبواران و درێژەدەرانی ڕێگای قازی محەمەد لە سەر خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگاریی کوردی ڕۆژهەڵات لە بندەستی، بیری پێشەوای لەنێو خەڵکی کوردستاندا بە زیندوویی هێشتۆتەوە. بەرەنگاریی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگە لە بست بە بستی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، چوونە زیندان، برینداری، نەقوستانی، دەربەدەری و ماڵوێرانیی ڕۆڵەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕەوتی شەکاوەڕاگرتنی ئاڵای ئامانجەکانی پێشەوا و کۆماری کوردستاندا، بووە بە دەستەبەری مانەوە و گەشانەوەی بیر و ئەندێشەی پێشەوا قازی. لەمێژ ساڵە پێشەوا قازی بووە بە گەورەترین سیمبۆل و ناونیشانی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی لە هەموو شار‌و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ڕێگا و ئامانجەکانی بوون بە خاڵی لێککۆکردنەوەی هێز و ڕێکخراوی سیاسیی جۆراوجۆر و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵ.
حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ٧٥ ساڵەی لەداردرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانیدا، پەیمان لەگەڵ گیانی ئەوان و هەموو شەهیدانی کوردستاندا نوێ دەکاتەوە کە هەتا وەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە خەبات و تێکۆشان نەوەستێ. هەر لەو کاتەدا بە ئەرکی خۆی دەزانێ دووپاتی بکاتەوە کە کەسایەتی و تایبەتمەندییە بەرزەکانی پێشەوای شەهید هەروا ئیلهامدەر و ڕێنیشاندەری ئەم حیزبە دەمێننەوە. بایەخدان بە هاوخەباتی لەگەڵ هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران، گرنگیدان بە برایەتی و هاوپێوەندیی نەتەوەیی لە نێوان بەشەکانی کوردستان، هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی تەبایی و ئاشتەوایی نێو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵی کوردستان، ڕێزدانان بۆ جۆراجۆریی ئایینی، زمانی، نەتەوەیی و ئازادیی بیر و باوەڕ، ڕچەشکێنبوون لە هێنانی ژنان و لاوان بۆ نێو کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵات و، پشتیوانی لە ڕووناکبیران و زانایان، بەشێک بوون لە ڕەوشت و تایبەتمەندییە بەرزەکانی ئەو ڕێبەرە گەورەیە و؛ حیزبی دیموکرات هەر وەک ڕابردوو تێدەکۆشێ لە ژیانی سیاسیی خۆیدا لەم خاڵە گرنگانە غافڵ نەبێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان زیاتر لە نیو سەدەیە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدبوونی پێشەوای سەرکۆمار و یارانی، بە “ڕۆژی شەهیدانی کوردستان”، ناودێر کردوە. ئەگەرچی حیزبی دیموکراتی کوردستان زۆرترین پشکی لە کاروانی شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە، بەڵام گیانبەختکردوانی هەموو هێزە خەباتکارەکان و هەر کەسێک بە هەر بیروباوەڕێک، ژیان و گیانی خۆی لە خەبات لە پێناوی حەقخوازی و داواکردنی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورددا بەخت کردوە، وەک بەشێک لەو کاروانە سەیر دەکا و ڕێزیان بۆ دادەنێ.
لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەر لە سەرەتاوە نەریتێک جێ کەوتوە، نەریتی پێشەنگبوونی ڕێبەران و بەرپرسان لە گیانبەخشین لە پێناوی ئامانجە بەرزەکانی گەل و نیشتماندا. دەیان فەرماندەری بەناوبانگ، سەدان کادری بەوەجی بوارە جۆراوجۆرەکان لە ڕیزی کاروانی شەهیداندا دەبینرێن، زیاتر لە ٣٠ کەس لە کادری ڕێبەریی حیزب لە مەیدانی تێکۆشان و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی خەباتکارانەدا گیانیان بەخشیوە. جگە لەمەش هەر سێ ڕێبەری حیزب، قازی محەممەد پێشەوای حیزب و دوو سکرتێری گشتیی حیزب، د. عەبدولرەحمان قاسملوو و د.سادق شەرەفکەندی، لە لایەن دوژمنانی کوردەوە گیانیان لێ ئەستێندراوە و شەهید کراون.
١٠ی خاکەلێوە، هەر بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی حیزبی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە. لەم ڕۆژەدا جێی خۆیەتی سەرکردە نەمرەکان، ڕێبەران و تێکۆشەرانی شەهیدی هەموو بەشەکانی کوردستان یادیان بکرێتەوە. ١٠ی خاکەلێوە، بۆنەیەکە بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری لەگەڵ هەموو شەهیدانی کوردستان. بۆنەیەکە بۆ چوونەسەر گڵکۆی شەهیدان و ئاوڕدانەوە لە بنەماڵە سەربەرزەکانیان. دەرفەتێکە بۆ ڕێزگرتن لە هەموو ئەو مرۆڤانەی بە نرخترین سەرمایەی ژیانیان، لە پێناوی نەتەوە و نیشتمانی خۆیاندا پێشکەش کرد. ١٠ی خاکەلێوە ئەو ڕۆژەیە کە بە ڕێزەوە ڕوو دەکەینە گیان و مەزاری پێشەوای سەرقافڵەی شەهیدان و سوورخەڵاتانی ڕێبواری ڕێگاکەی و پێیان دەڵێین: بە ئاسوودەیی سەر بنێنەوە؛ چونکە بە دڵنیاییەوە بە ئامانجەکانتان کە ڕزگاریی کوردستان و نەتەوەی کورد لە داگیرکراوی و بندەستییە، وەفادار دەمێنینەوە و هەتا وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانتان، لە تێکۆشان و خەبات سارد نابینەوە.
٧٥ساڵ خەبات و تێکۆشان لە سەر ڕێگا و ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد، ئەو دڵنیاییەی پێ داوین کە هەتا سیاسەت و خەباتمان بە ئەندێشە و ئامۆژگاری و ڕێنوێنییەکانی ئەو ڕێبەرە گەورەیە ڕەنگڕێژ کرابێ، خەڵکی کوردستان پشتیوانمان دەبێ و بزووتنەوە نەتەوەییەکەمان ساڵ بە ساڵ زیاتر لە کوردستان ڕیشە دادەکوتێ.
سڵاو له گیانی پاكی سەرکۆماری شەهیدی کوردستان، پێشه‌وا قازی و هاوڕێیانی و هه‌موو شه‌هیدانی ڕێگای ئازادیی كوردستان
بەردەوام بێ خەبات و تێکۆشان تا وه‌دیهاتنی ئامانجه پیرۆزه‌كانی پێشه‌وا قازی.
حیزبی دیموكراتی كوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
٩ی خاكه‌لێوه‌ی ١٤٠١ ( ٢٩ی مارسی ٢٠٢٢)