لە حاڵێکدا هەژاری لە ئێران بە تەواوی تەنگی بەخەڵک هەڵچنیوە و دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ خەڵک زۆر قورس بووە، سەرۆککۆماری ڕێژیم، وتی: لە ساڵی ١٤٠١دا هەژاری بنبڕ دەکەین.
ڕۆژی دووشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ئاخوند ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەک بە ناوی “بنبڕکردنی هەژاری” بەشداری کرد و وتی: دەتوانین لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاویدا هەژاری لە ئێران بنبڕ بکەین؛ ئەو قسانەی ڕەئیسی لە کاتێکدایە کە بە دەیان جار ئەو بەڵێنە بە خەڵکی ئێران دراوە، کەچی بەهۆی ناکارامەیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خەڵک لەوپەڕی هەژاریدا دەژین و هیچ متمانەیان بە بەڵێنەکانی حکوومەت نەماوە.
هەر لەو بارەوە پێشتر ڕەئیسی لەبارەی بنبڕکردنی هەژاری لە ئێران لە کۆتاڕۆژەکانی ساڵی ڕابردوودا بەڵێنی بە خەڵک دابوو، بەڵام هەموو بەڵێنەکانی لەلایەن خەڵکەوە بە گاڵتەوە سەیر کرا و تاکوو هەنووکە ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.